Accessibility links

عەبادی: عێراق ڕێگە لە هاتنی ئەمەریکایـیەکان بۆ وڵاتەکەی ناگرێت

  • VOA News

سەرۆک وەزیر عێراق دەڵێت وڵاتەکەی بە هەمان شێوە کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا نابێت، ئەوەی ڕۆژی هەینی فەرمانی کرد ڕێگە نەدرێت بە هاوڵاتیانی 7 وڵات بە شێوەیەکی کاتی بێنە ناو ئەمەریکاوە، لەوانە عێراق.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی گوتی مامەڵەکردن بە هەمان شێوە مانای ئەوەیە هەمان ڕێوشوێن بگیرێتەبەر، ئەمەش ناکرێت. گوتیشی تاوتووێی بژارەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

پاشان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی لە گرنگی ڕۆڵی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعش کرد کە ناکرێت پەیوەندیـیەکانی لەگەڵدا تێـکبدرێت و گوتی مەسەلەی نەهێشتنی تێرۆر و شەڕی تێرۆر شتی ستراتیژین بۆ عێراق.

بەڵام ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و گوتی زۆر تێرۆرست لە چەندان وڵاتانی جیهانەوە، لەوانە لە ئەمەریکاشەوە بۆ عێراق هاتوون و پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردووە، بەمەش ناکرێت بگوترێت هەموو خەڵکی ئەمەریکا هەڕەشەی تێرۆرستین و ڕێگەیان لێبگیرێت بێنە وڵاتەکەوە. گوتیشی ڕاستە لە عێراق و هەموو وڵاتێـکی دیکە کەسانی بەدکارهەن، بەڵام عێراقیـیەکان ئەمڕۆ ئەوانن قوربانی لە شەڕی دژی تێرۆردا دەدەن.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا پـشتیوانیـیەکی زۆری هێزەکانی عێراق دەکات لە شەڕی دژی داعش و لە ئێستادا زیاتر لە 5 هەزار سەربازی ئەمەریکایی یارمەتی عێراقیـیەکان دەدەن لە مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکاری و هەواڵگری.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی فەرمانی کرد هاوڵاتیانی 7 وڵات بۆ ماوەی 90 ڕۆژ ڕێگەیان پـێنەدرێت بێنە ناو ئەمەریکاوە، وڵاتەکانیش بریتین لە (ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، سودان، سۆماڵ، یەمەن).

XS
SM
MD
LG