Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری تەلەعفەری ڕاگەیاند


سەرۆک وەزیری عێراق دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری تەلەعفەری ڕۆژئاوای شاری موسڵ لە باکوری وڵاتەکە بە فەرمی ڕاگەیاند.

حەیدەر عەبادی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە کاتی خۆجێی فەرمانی بە هێزەکان کرد ئەو شارەی کە لە ساڵی 2014 وە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکراوە ڕزگاربکەن.

عەبادی لەسەر فەیسبوک و تویتەری فەرمی خۆی هۆشداریـیەکی بۆ چەکدارانی داعش ڕاگەیاند و تیایدا پـێیان دەڵێت" یان خۆتان بەدەستەوە بدەن یان دەکوژرێن."

پاشان لە پەیامێـکی دیکەی دەڵێت هەموو هێزەکان لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشدارن، لە لەشکر و دەزگای دژە تێرۆر و پـۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی و پـۆلیسی خۆجێی. هەروەها بە هەلیکۆپتەر و فڕۆکە پاڵپشتی هێزەکان دەکرێن.

ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆک وەزیری عێراق پاش نزیکەی 2 مانگ دێت لە ڕزگارکردنی تەواوی شاری موسڵ لە دوای ئۆپەراسیۆنێـک کە 9 مانگی خایاند.

بەر لە ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک وەزیری عێراق، بەرپـرسی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە پـۆلیسی فیدراڵی عێراق (فەریق ڕوکن مالک ئەلخەزرەجی) بۆ ڕادیۆ سەوای ڕاگەیاند هەموو هێزەکان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە. گوتیشی تەلەعفەر لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین شارۆچکەی عێراقە، بەڵام پـێشبینی کرد هەڵمەتی ڕزگارکردنی ئەم شارە زۆرینە تورکمانە لەوەی شاری موسڵ ئاسانتربێت.

لە لایەکی دیکە عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان گوتی هێزە ئاسایشیـیەکان ڕێگەی پارێزراو بۆ خەڵکی سیڤیل دابین دەکەن بەپـێی ئەو پـلانەی لە لایەن فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە بۆیان دانراوە.

XS
SM
MD
LG