Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق ڕزگارکردنی شاری تەلەعفەر ڕادەگەیەنێت

  • VOA News

سەرۆک وەزیری عێراق بە فەرمی ڕزگارکردنی شاری تەلەعفەری باکوری ڕۆژئاوای موسڵی ڕاگەیاند کە لە ساڵی 2014 وە لە لایەن داعشەوە داگیرکرابوو.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی تەلەعفەر لە چەکدارانی داعش پاککرایەوە و چووە پاڵ شاری موسڵ و گەڕایەوە بۆ خاکی نیشتمان.

هەروەها باسی لەو هێزانە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکەدا بەشداریـیان کردبوو و گوتی لەشکر و پـۆلیسی فیدراڵی و دەزگای دژە تێرۆر و حەشدی شەعبی و کاردانەوەی خێرا و ڕۆڵەکانی ئەنبار تەلەعفەریان ڕزگارکرد.

جەختی لەوەش کرد پاشماوەکانی داعش لەو شارە ڕوویان لە شارۆچکەی عەیازیـیەی باکوری تەلەعفەر کردبوو و لەوێ لەناویانبردوون بەبێ ئەوەی ڕێگەیان پـێبدەن هەڵبێن. گوتی هەڵوێستیان نەگۆڕە لە بەرامبەر چەکدارانی داعش کە لە هەر شوێنێـکدا بن جێی هەڕەشەن بۆ سەر هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهاندا.

ئەم ئاماژەیەی سەرۆک وەزیری عێراق پـێدەچێت ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆبێت لەو سەودایەی لە نێوان دەسەڵاتدارانی لوبنان و حزبوڵڵا لەگەڵ داعش کرابێت کە لە بەرامبەر ڕاگرتنی شەڕ و ئاشکراکردنی چارەنووسی سەربازە ڕفێندراوەکانی لەشکری لوبنان هەموو چەکدارەکانی داعش و خێزانەکانیان لە ناوچە سنووریـیەکانی لوبنانەوە بۆ ناوچە سنووریـیەکانی سوریا لەگەڵ عێراقدا ڕەوانە بکەن.

دوێنێ چوارشەممە ئەمەریکا لە زاری برێت مەکگورک نێردراوی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش، ڕەخنەی توندی لەو سەودایەی نێوان لوبنان و داعش گرت و گوتی دەبێت چەکدارانی داعش لە بەرەکانی شەڕدا بکوژرێن نەک بە پاس بۆ سەر سنووری عێراق ڕەوانەبکرێن.

هەروەها کۆلۆنێل ڕایان دیلۆن گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی گوتی ئەوان لە دژی ئەو سەودایەن و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چاڵێـکیان کردووەتە سەر ڕێگەی کاروانی پاسەکانی داعش و لەگەڵیدا پـردێـکی بچوکیان تێـکشکاندووە تاوەکو ڕێگەگەیان لێببڕن.

XS
SM
MD
LG