سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق نوری ئه‌لمالکی گه‌یشته ڕێککه‌وتنێک له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌یدا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی حکومه‌تی یه‌کگرتووی نیشتیمانی.
به‌رنامه‌که له ڕۆژی شه‌ممه ڕاگه‌ێندرا که تیایدا داوا ده‌کات به‌لایه‌نی که‌م 12 وه‌زاره‌ت له کابینه‌که که‌م بکرێته‌وه.
شایانی باسه حکومه‌تی عێراق ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه بووبوه‌وه به‌هۆی ناکۆکی له‌سه‌ر هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی گرنگ له‌وانه‌شدا ئایه داوا بکرێت له‌شکری ئه‌مه‌ریکا له پاش کۆتایی دوامه‌وڵه‌تی ئه‌مساڵ له عێراق بمێنێته‌وه یان نا.
کاربه‌ده‌ستانی عێراقی و ئه‌مه‌ریکایی نیگه‌رانییان ده‌ربڕیوه له‌مه‌ڕ توانای به‌غدا بۆ هه‌ڵسوکه‌وتکردن له‌گه‌ڵ باری ئاسایش له پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق.
له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌ر له ڕۆژی شه‌ممه ڕاپۆرتێکی حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا که هه‌ر 3 مانگ جارێک ده‌یدا به کۆنگرێس بڵاو کرایه‌وه که ده‌ڵێت ئه‌م ساڵ عێراق به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی ڕابوردوو شوێنێکی مه‌ترسیدار تره.