ده‌مڕاستی ئۆپه‌راسیۆنه له‌شکریـیه‌کانی به‌غدای پایته‌ختی عێراق ده‌ڵێت هێزه ئاسایشیـیه عێراقیـیه‌کان3 که‌سیان کوشتووه له ڕۆژئاوای پایته‌خت که گومان وایه هێرشبه‌ری خۆکوژ بووبن.
ژه‌نه‌راڵ قاسم ئه‌لموسه‌وی به ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێسی گوتووه ئه‌و 3 که‌سه له ئۆتۆمبێلێکدا بوون ، فه‌رمانی سه‌ربازه عێراقیـیه‌کانیان فه‌رامۆش کردووه تا له بنکه‌یه‌کی پشکنیندا بوه‌ستن، ده‌شڵێت کاتێک هه‌وڵیان دا بنکه‌ی پشکنینه‌که تێبپه‌ڕێنن سه‌ربازه‌کان ته‌قه‌یان لێکردوون و کوژراون.
ئه‌لموسه‌وی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه دواتر له ده‌می پشکنینی ئۆتۆمبێله‌که‌یاندا که‌ره‌سته‌کانی ته‌قینه‌وه دۆزراونه‌ته‌وه و هه‌ر سێ که‌سه کوژراوه‌که‌ش پشتێنی خۆ ته‌قاندنه‌وه‌یان به‌ستبوو.
توندوتیژیـیه‌کان له عێراق به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا که‌م بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتاش به شیوه‌یه‌کی ڕۆژانه هێرشی خۆکوژی و توندوتیژی تر هه‌ن له وڵاته‌که‌دا.