Accessibility links

پرۆژە یاسای خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ نەگەیشتووەتە پەرلەمان و حەشدیش بەپێویستی نازانێت


هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئاماژە بە ئامادەکردنی پرۆژە یاسای خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەڵام تا ئێستا پرۆژەکە نەگەیشتووەتە لیژنەی یاسایی پەرلەمان و بەرپرسانی حەشدی شەعبیش، خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ بۆ ئەم قۆناغەی عێراق بەپێویست نازانن.

حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند "ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە یاسای خزمەتی سەربازی زۆرە ملێی جێگیرکردووە و ڕەوانەی پەرلەمانی دەکات بۆ تاوتوێ کردن." بەپێی وتەی عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقیش، پرۆژەکە پێش کۆتایی هاتنی ئەم خولەی پەرلەمان جێگیردەکرێت.

بەڵام ڕێبوار هادی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو پرۆژەیە نەگەیشتووەتە پەرلەمان و ئێمە نەمانبینیووە، لەکاتێکدا دەبێت سەرەتا بێتە لیژنەی یاسایی."

خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ، تا ساڵی 2003 و کاتی ڕووخانی بەعس لە عێراقدا کاری پێکراوە، بەڵام دواتر خزمەتی سەربازی بووەتە ئارەزوومەندانە، لە ئێستاشدا بەرپرسانی عێراق، بانگەشەی پەسەندکردنی یاسای خزمەتکردنی سەربازی زۆرە ملێ دەکەن لەڕێگەی پەرلەمانەوە.

هێنانە بەرباسی خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ لەکاتێکدایە، عێراق خاوەنی هێزی زۆری جۆراوجۆرە، کە بەشێک لەو هێزانە نین لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق دا، بەشێکیان سەربە هێزە شیعەکانن و بەشێکی تریشیان سەربە حکومەتی هەرێمن.

عەلی حسێنی وتەبێژی حەشدی شەعبی، پێیوایە دۆخی عێراق جیاوازە و خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ پێویست نییە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە بڕیاری پەسەندکردن یاخود ڕەتکردنەوەی پرۆژەکە، لای پەرلەمانی عێراقە.

عەلی حسێنی وتی"عێراق دەیان جۆر هێزی تێدایە، پێشمەرگە، حەشد، پۆلیسی فیدراڵی و سوپا و چەندین هێزی تر، بۆیە خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ بۆ ئەم قۆناغە پێویست نییە."

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ پەسەندکردنی خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ لەکاتێکدایە، خەڵکی عێراق ناڕازین و بەشێکی زۆری خراپی دۆخی وڵات، دەخەنە ئەستۆی هێزە چەکدارەکان و کارکردنیان بۆ حیزب و گروپە جیاجیاکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:47 0:00


XS
SM
MD
LG