Accessibility links

بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەو شیکاریە ئابووریەکان: قاچاخچێتی لە پەروێزخان و باشماخ کەمیکردووە، بەڵام 100% بنەبڕ نەکراوە


بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسی و ئابووریەکان ڕایدەگەیەنێت، داهاتی نەوتی و نا نەوتی هەرێمی کوردستان، کەمترە لەو بڕە پارەی کە حکومەتی هەرێم مانگانە بۆ دابەشکردنی موچە بەبێ لێبڕین پێویستیەتی، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، هەرێم پێویستی بە چاکسازی هەیە لەلیستی موچە و کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆدا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن دەڵێت"داهاتی نەوتی هەرێم شتێک زیادیکردووە، بەڵام گەر بە لۆژیکی بیرکاریانە سەیری زیادبوونەکە بکەین، ئەو داهاتەی هەرێم لە نەوتی و نانەوتی دا دەستی دەکەوێت، بەشی ئەوە ناکات، 30 ڕۆژ جارێک بێ لێبڕین، موچە دابەش بکات."

جەختیشیکردەوە"گەر هەرێم چاکسازی لەلیستی موچەی فەرمانبەراندا بکات و داهات زیادبکات، ڕەنگە ئەوکات بتوانێت بێ لێبڕین موچە بدات، بەڵام گەر داهات وەکو دوو مانگی پێشوو بێت، بڕی داهاتەکەی کەمترە لەو بڕە پارەی بۆ موچە پێویستیەتی."

سەبارەت بە داهاتی مانگانەی حکومەتی هەرێم و ئەو بڕە پارەی بۆ موچەی تەواو پێویستیەتی، بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان وتی"مانگی ڕابردوو نزیکەی 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هاتووەتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمەوە، گەر بیکەینە دینار، کەمترە لە 450 ملیار، نزیکەی 200 ملیاری داهاتی نا نەوتیش دێتە خەزێنەی حکومەتەوە، گەر داهاتی نەوتی و نا نەوتی حساب بکەین، ناگاتە 700 ملیار دینار، لەکاتێکدا هەرێم بۆ موچە، پێویستی بە نزیکەی 840 ملیار دینارە، گەر داهاتە ناوخۆییەکان گەندەڵی تێدا نەکرێت، دۆخەکە باشتر دەبێت."

محەمەد حسێن، ڕوونیشیکردەوە ئەو 200 ملیار دینارەی وەکو سلفە لەلایەن عێراقەوە دەدرێتە هەرێم، مەرج نیە بەردەوام بێت، وتی"وەزیری دارایی عێراق، پارەکەی وەکو سلفە ناوبرد، نەک مانگانەی بەردەوام، گەر ئەو پارە بەردەوام بێت، ڕەنگە هەرێم بتوانێت بێ لێبڕین، موچە بدات."

سەبارەت بەو هێزەی لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە ڕەوانەی دەروازە سنوریەکانی باشماخ و پەروێزخان کراوە، بەوەی هەنگاوی جدیە بۆ ڕێگرتن لە قاچاخچێتی، یان وروژاندنی ڕاگەیاندنە، محەمەد حسێن وتی"دەبێت چاوەڕێ بکەین، بزانین جدیە و هەنگاوەکان بەردەوام دەبێت یان نە، لەدوو ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵا بەهاوکاری دەزگا ئەمنیەکان قاچاخچێتی و گەندەڵیان دەکرد، گەر ئەوان واز بێنن، هەنگاوێکی باشە بۆ زیادکردنی داهات، گەر وازیش نەهێنن، دۆخەکە وەکو خۆی لێدێتەوە."

وتیشی"دەبێت چاوەڕێ بکەین، بزانین تاچەند بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکان بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی، کەس ناتوانێت گەرەنتی بەردەوام بوونی هەنگاوەکان بدات، هەرچەندە وەعدی بەردەوام بوونیان داوە، گەر فیعلەن بەردەوام بن لە ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسی و ئابووریەکان، ئاشکرایکرد لەدوای ناردنی هێز بۆ دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان، قاچاخچێتی کەمێک کەمیکردووە، بەڵام 100% بنەبڕ نەکراوە، وتی"هەنگاوەکان بۆ ڕێگرتن لە قاچاخ هێشتا لەسەرەتادان، لانیکەم، مانگێکمان پێویستە تا بە ژمارە، داهاتی ئەم مانگەی دوو دەروازەکە بەراورد بە داهاتەکانی مانگەکانی ڕابردوو بکەین، بزانین چەند زیادیکردووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:20 0:00


XS
SM
MD
LG