Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت دەزگا نهێنییەکانی ئێران پلانییان گێڕاوە بۆ کوشتنی جووەکان لە ئەوروپا


سەرچاوەکانی پۆلیس و دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێن دادگایەکی پاریس لە مانگی پێنجدا دوو کەسی دەستگیرکردووە و بە تۆمەتی بەشدارییان لە پلانگێڕیی ئێرانییەکاندا بۆ کوشتنی جووەکان لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا تۆمەتباری کردوون.

بەرپرسان لە 4 ی مانگی پێنجدا عەبدلکەریم ئێسی تەمەن 34 ساڵ و سابرینا بی تەمەن 33 ساڵی هاوبەشییان بە تۆمەتی پەیوەندییان بە ڕێکخراوێکی تاوانی تیرۆریستییەوە تۆمەتبار کرد و دەستبەسەرییان کردن.

دۆسییەکە بە " مارکۆ پۆلۆ " ناسراوە و ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن ماڵپەڕی هەواڵی فەڕەنسی میدیاپارتەوە ئاشکراکرا، دۆسییەکە ئاماژە بە زیندووبوونەوەی تیرۆرێک دەدات لە ئەوروپادا کە ئێران سپۆنسەری دەکات، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی ناوخۆی فەڕەنسا کە لەلایەن فرانس پرێسەوە بیندراوە.

دەزگای ئاسایشی فەڕەنسا دەڵێت " لە ساڵی 2015 ەوە دەزگا نهێنییەکانی ئێران سیاسەتی کوشتنی بە ئامانجییان دەستپێکردووەتەوە، مەترسییەکە دووبارە لە چوارچێوەی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسدا خراپتر بووە."

گوایە ئەرکەکە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بە ئامانجکردنی هاووڵاتیانی سڤیل و خستنەوەی ترس بووبێت لە ئەوروپادا لە نێو ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی وڵاتەکە و جووەکان و ئیسڕائیلییەکاندا.

ئێران تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی بەکرێگرتنی تاوانباران بە کەسانی بازرگانیش بە دەرمانە هۆشبەرەکانەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە.

عەبدلکەریم ئێس پێشتر سزای زیندانیکردنی 10 ساڵی بەسەردا سەپێندراوە لەسەر تاوانێکی کوشتن لە مارسیلیا و لە مانگی حەوتی ساڵی 2023 دا ئازادکرا بەڵام چاودێری پۆلیسی لەسەر بووە.

عەبدلکەریم بەوە تۆمەتبار کراوە کە بریکاری سەرەکی خانەیەکی تیرۆریستییە لە فەڕەنسا کە ئێران سپۆنسەری دەکات و پلانی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی لە فەڕەنسا و ئەڵمانیادا.

بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت باوەڕوایە هاوەڵێکی لە زینداندا عەبدلکەریمی بە ڕێکخەری خانە تیرۆریستییەکە ناساندبێت، ڕێکخەرەکە بازرگانێکی گەورەی دەرمانە هۆشبەرەکانە لە ناوچەی لیۆن و ڕەنگە لە مانگی پێنجدا سەردانی ئێرانی کردبێت.

خانەکە نیازی هەبووە هێرش بکاتە سەر کارمەندێکی پێشوو لە کۆمپانیایەکی ئاسایشی ئیسڕائیلی و سێ کەس لە هاوەڵەکانی کە لە گەڕەکەکانی پاریس دەژین.

سێ هاووڵاتی ئیسڕائیلی - ئەڵمانیش لە میونخ و بەرلین لە نێو ئامانجەکاندا بوون.

لێکۆڵەرەوان باوەڕییان وایە کە عەبدلکەریم ئێس سەرەڕای ئەوەی لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بووە چەند جارێک گەشتی کردووە بۆ ئەڵمانیا و چاودێری ئامانجەکانی کردووە، لەگەڵ هاوسەرەکەشیدا گەشتی کردووە بۆ بەرلین.

عەبدلکەریم ئێس تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت تەنها بۆ شت کڕین چووە بۆ ئەڵمانیا.

سەرچاوەیەکی پۆلیس وتی بەرپرسانی فەڕەنسا خانەکەیان بە بەرپرس داناوە لە سوتاندنی چوار کۆمپانیای سەر بە ئیسڕائیل لە باشووری فەڕەنسا لە کۆتایی مانگی دوانزەی ساڵی 2023 و سەرەتای مانگی یەکی ساڵی 2024 دا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG