ئاژانسی ڕۆیتێرز گوته‌ی حه‌سه‌ن ڕووحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران دێنێته‌وه که ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا گه‌مارۆکان لابه‌رێت، کۆماری ئیسلامی ئاماده‌ی وتووێژ له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکایه.
له گه‌ڵ ئه‌وه که سه‌رۆک تڕا‌مپ تا ئێستا چه‌ندین جار پێشنیاری وتووێژی بێ مه‌رجی به گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی کردبوو، تا پێش ئه‌و لێدوانه‌ی حه‌سه‌ن ڕووحانی، کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی و حکومه‌ته‌که‌ی هه‌ر چه‌شنه وتووێژێکیان وه‌لا نابوو.
له کاردانه‌وه به په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌کان، سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا رۆژی هه‌ینی له وتووێژی له گه‌ڵ په‌یامنێران، پێش ئه‌وه‌ی کۆشکی سپی جێ بهێڵێت گوتی که ئێران له دۆخی زۆر مه‌ترسیدار دایه و ده‌بێت هوشیار بێت.
سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا چوارشه‌مه له تویتردا گوتبووی به زوویی گه‌مارۆکانی سه‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئێران ده‌سه‌پێنرێن. له زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به ئه‌و گه‌مارۆیانه و کاتی سه‌پاندنیان هه‌واڵێک تا ئێستا بڵاونه‌بۆته‌وه.
سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا رۆژێک پێشتر و له ماوه‌ی چاوپێکه‌وتنی له گه‌ڵ میری قه‌ته‌ر له کۆشکی سپی سه‌باره‌ت به ئه‌و "کاره زۆر خراپانه"ی که کۆماری ئیسلامی ده‌یکات هۆشداری دابوو و گوتبووی ئێران "ده‌بێت زۆر هوشیار"بێت.
سه‌رۆک تڕا‌مپ هه‌روه‌ها دووشه‌مه سه‌باره‌ت به پێش‌گرتن له ئێران که ده‌ستی به چه‌که‌کانی ناو‌کی ڕانه‌گات و له په‌یوه‌ندی ڕه‌فتاری کۆماری ئیسلامی که بوونه‌ته هۆی ناسه‌قامگیری له خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، له گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری فه‌ڕانسه وتووێژی کرد.
یوکیا ئامانۆ، سکرتێری گشتی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، دووشه‌مه پشتڕاستی کرد که ئێران پله‌ی پیتاندنی یوڕانیومی به‌رزکردۆته‌وه.