Accessibility links

ئێران سزا بەسەر 61 ئەمەریکیدا دەسەپێنێت


ئێران دەڵێت سزای بەسەر 61 ئەمەریکیدا سەپاندووە، لەوانەش وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ، ئەوەش بەهۆی پشتیوانیکردنیانەوە لە گروپێکی ناڕەزایی ئێرانی.

سزاکانی ئێران بۆ سەر ئەمەریکییەکان بەهۆی ئەوەوە بووە گوایە پشتیوانییان لە گروپی ناڕەزایی دەربەدەری موجاهیدینی خەلق کردووە.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران دەڵێت ئەو ئەمەریکییانەی دیکە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە بریتین لە ڕودی جولیانی پارێزەری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن.

سزاکانی ئێران بۆ سەر ئەو ئەمەریکییانە ڕێگە بە تاران دەدات دەست بەسەر هەر سەرمایەیەکی ئەو سزادراوانەدا بگرێت کە لە ئێران هەیانە، بەڵام نەبوونی سەرمایەیان لە ئێران مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەم هەنگاوە تەنها وەکو هەنگاوێکی سیمبولی دەبێت.

جولیانی و پەمپێیۆ و بۆڵتن گوایە بەشدارییان لە بۆنەکانی گروپی موجاهیدینی خەلقدا کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ گروپەکە دەربڕیوە.

لە مانگی یەکدا ئێران سزای بەسەر 51 ئەمەریکیدا سەپاند، لە مانگی چواریشدا 24 ئەمەریکی خستە لیستی ڕەشەوە.

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکادا سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 لە مانگی یانزەدا لە ڤییەنا دەستیان پێکرد، لە مانگی شەشیشدا لە قەتەڕ بەردەوام بوون. بەڵام چەند مانگێکە گفتوگۆکان بە چەق بەستوویی ماونەتەوە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. تارانیش لەلای خۆیەوە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە. بەپێی ڕێکەوتنەکە، سزاکانی سەر ئێران لادەبرێن و لەبەرامبەریشدا چالاکییەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران سنووردار دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG