Accessibility links

سەرچاوە عێراقییەکان: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو کاروانێکی سوتەمەنی ئێرانی لە سوریا دەکاتە ئامانج


خاڵی سنووری قائیم
خاڵی سنووری قائیم

بەرپرسانی ئاسایش و سنووری عێراق دەڵێن بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە لەودیوی سنووری سوریا لەگەڵ عێراق لانیکەم دوو تەنکەری سوتەمەنی لە ناوچوون.

بەرپرسەکان وتیان هێرشەکە لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە و کاروانێکی تەنکەرەکانی کردۆتە ئامانج کە سوتەمەنی ئێرانییان پێبووە و چوونەتە ناو خاڵی سنووری قائیمەوە بۆ ناو سوریا.

ئەفسەرێکی پۆلیسی سنووری عێراق وتی " هیچ عێراقییەک زیانی بەرنەکەوتووە."

بەرپرسێکی ئاسایش وتی ئاگرێکی گەورە لە بەشی سنووری سوریا بیندراوە. کاروانەکە لە زیاتر لە 20 تەنکەر پێکهاتبوو.

کەناڵی سەر بە دەوڵەتی ئێران پرێس تی ڤی هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە، وتی " کاروانە 22 تەنکەرییەکە کە سوتەمەنییان پێبووە و لە ڕێی عێراقەوە پەڕیونەتەوە بۆ سوریا و دواتر بەنیاز بوون بەنزینەکە بگوازنەوە بۆ لوبنان، لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکاوە هێرشییان کرایە سەر."

دوو ئەفسەری پۆلیسی سنوورەکە وتیان کاروانەکە دوای ئەوەی " سەرجەم مۆڵەتە پێویستەکانیان بۆ پەڕینەوە لە عێراقەوە وەرگرتووە " پەڕیونەتەوە بۆ سوریا، هەروەها بەپێی بەڵگەنامەکانی گواستنەوەکە بەنزینە ئێرانییەکە لە ڕێی سوریاوە بەرەو لوبنان ڕۆیشتووە.

بەرپرسە عێراقییەکان هیچ زانیارییەکیان نەبوو لەسەر ئەوەی ئایا زیانی گیانی لە نێو ئێرانییەکاندا هەبووە یاخود نا.

سوپای ئەمەریکا وتی لە پشت هێرشەکەوە نەبووە و دەستیشی نەبووە تیایدا.

حەشدی شەعبیش ڕەتی کردەوە هیچ کام لەو " شەڕکەرانەی کە ڕەوانەی نزیک سنووری سوریا کراون بریندار بووبێتن یاخود کوژرابێتن."

بەرپرسێکی ناوچەکە کە سەر بە ئێرانە وتی دوو هاوڵاتی سوری لە هێرشەکەدا کوژراون و بەنزینەکەش بۆ سوریا ڕۆیشتووە نەک لوبنان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG