Accessibility links

زۆرێک لە پزیشکەکانی ئێران کۆچ دەکەن، هەندێکییان تەنانەت خۆیان دەکوژن


ژمارەی نیگەرانکەری ئەو پزیشکە گەنجانەی ئێران کە خۆیان دەکوژن گومانی دروستکردووە لەسەر داهاتووی سیستمی تەندروستی وڵاتەکە.

کارکردنێکی زۆر و موچەیەکی کەم و " سوکایەتی پێکردنییان " لەلایەن سەرپەرشتیارەکانییانەوە، وایکردووە زۆرێک لە پزیشکە نوێیەکان، ئەوانەی کە لە زانکۆ دەرچوون و لە ڕاهێناندان، پەنا ببەنەبەر بیری خۆکوژی یاخود کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.

نیما شەهریارپوری پزیشکی فریاکەوتن بە ماڵپەڕی هەواڵی خەبەری وت " خۆکوشتن لە نێو پزیشکانی موقیمدا ئەمڕۆ بووەتە قەیرانێک."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوودا 16 پزیشکی نوێ (موقیم) خۆیان کوشتووە و ساڵێک لەوەوپێشیش 13 پزیشکی گەنج خۆیان کوشتبوو.

نوێترین ڕووداوییان لە هەفتەی ڕابردوودا بوو کاتێک پەرستۆ بەخشی لەلایەن هاوەڵەکانییەوە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە نەخۆشخانە بە مردوویی دۆزرایەوە. پزیشکە تەمەن 34 ساڵەکە دەوترێت لە ژێر فشارێکی زۆردا بووە لەسەر کارەکەی.

ماوەی موقیمی لە دوای کۆتاییهاتنی بەشی تەندروستی لە زانکۆ دێت و بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت. بۆ هەندێکییان قورسە، بۆ هەندێکی دیکەیان زۆر قورسترە.

پزیشکە موقیمەکان کە زۆربەیان لە تەمەنی سییەکانییاندان، پێشبینی دەکرێت شەفتی 30 کاتژمێریی کاربکەن و موچەکەشییان لە نێوان 80 ملیۆن بۆ 110 ملیۆن تمەندایە کە دەکاتە 125 بۆ 172 دۆلار لە مانگێکدا. زۆرجاریش موچەکەیان دوادەکەوێت.

پزیشکەکان لە ماوەی موقیمیدا ڕێگەیان پێنادرێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە کاربکەن و زۆرجار دەبێت کارێکی دیکە بکەن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بکەن.

پزیشکێکی موقیم بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت قسەی بۆ ڕادیۆ فەردا کردووە، گوتوویەتی پزیشکە گەنجەکان لە هەلومەرجێکی خراپدا کاردەکەن، لەوانەش دەبێت بەرگەی " ڕەفتارە سوکایەتیپێکەرەکانی و زمانی خراپی " سەرپەرشتیارەکانییان بگرن، لە هەمان کاتیشدا ناچار دەکرێن شەفتی زیاتر کار بکەن.

بەپێی وەهدات شەریاتی بەرپرسی دەستەی پزیشکانی ئێران، لە سەدا 30 ی پزیشکانی موقیم لە ئێران بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە.

لە مانگی نۆدا شەریات و حەمید یاقومی بەرپرسی کۆمەڵگەی زانستی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە خۆکوژی، داوایان لە وەزیری تەندروستی کرد کارێک بکات لەو بارەیەوە.

لە نامەیەکدا بۆ وەزیری تەندروستی ئێران ئاماژەیان بە توێژینەوەیەکداوە کە تێیدا هاتووە دەڵێت لە سەدا 25 ی پزیشکانی موقیم لە تاران ڕووبەڕووی خەمۆکییەکی توند بوونەتەوە.

هەروەها پێشنیاری چەندین ڕێوشوێنییان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکەدا، لەوانەش کەمکردنەوەی شەفتی کارکردن و دابینکردنی بیمە بۆ پزیشکانی موقیم و پێداچوونەوە بە موچەکانییان و دابینکردنی پشتیوانی دەروونی بۆیان.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پزیشکانی موقیم هۆشیارییان سەبارەت بە کێشەکانییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و وێنەی ئەو هاوەڵانەیان بڵاوکردووەتەوە کە خۆیان کوشتووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمە سەرنجی میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی فەڕمی نەدراونەتەوە.

وازهێنانیش ئاسان نەبووە. پێشتر وازهێنان زۆر قورس بووە.

بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بچیتە پڕۆگرامی موقیمییەوە، دەرچووانی بەشی تەندروستی پێویست بووە دوو کەس بهێنن وەکو گرەنتیدەر کە گرەنتی ئەوە بدەن لە وڵاتەکە دەرناچن یاخود بە هیچ شێوەیەک واز لە پڕۆگرامەکە ناهێنن، ئەگەر نا ئەوا دەبێت ئەو کەسانەی کە گرەنتی دەرچووەکەیان داوە غەرامەکەی بدەن.

لە ساڵی 2021 دا ئەو فەرمانە بە نایاسایی لە قەڵەمدرا و هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام پزیشکانی موقیم دەڵێن هێشتا داوایان لێدەکرێت گرەنتیدەر بهێنن. گرەنتی دارایی لەسەر پزیشکەکان و بە تایبەتی پزیشکانی موقیمی قورس کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئێران، پزیشکەکان بە لێشاو وڵاتەکە جێدەهێڵن.

ڕۆژنامەی ئابووری دونیای ئیقتیساد ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە 5000 پزیشک لە ساڵی 2021 دا ئێرانییان جێهێشتووە، لە ساڵی 2020 دا نزیکەی 2000 پزیشک وڵاتەکەیان جێهێشتووە.

بە ناوبانگترین شوێن بۆ ئەو پزیشکە ئێرانییانەی کە وڵاتەکە جێدەهێڵن وڵاتانی ڕۆژئاوان، بە تایبەتی ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو.

ڕێکخراوی چاودێری کۆچی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2022 دا دەڵێت تاوەکو ساڵی 2018 نزیکەی 29,000 ئێرانی لە سیستمی تەندروستی ئەمەریکادا کاردەکەن، بە 8000 پزیشک و نەشتەرگەریشەوە. تاوەکو ساڵی 2021 ژمارەی ئەو کارمەندە تەندروستییە ئێرانییانەی کە لە ئەمەریکا کاردەکەن بەرز بووەتەوە بۆ 36,000 کەس.

ساڵی ڕابردوو لە ئامارێکدا کە دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران بڵاویکردەوە زۆرێک لە پزیشکەکان لە تەمەنی بیستەکانییاندا کاتێک لە بەشی تەندروستین لە زانکۆ پلانییان داناوە وڵاتەکە جێبهێڵن.

لە مانگی یەکدا شەریاتی بەرپرسی دەستەی پزیشکانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر بەرپرسان بەردەوام بن لە پشتگوێ خستنی کێشەی پزیشکانی گەنج ئەوا وڵاتەکە دەبێت ڕازی بێت بە " ڕووخانی سیستمی تەندروستی."

سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG