Accessibility links

حسێن یەزدان پەنا: جێگۆڕکێی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ تاران فڕی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی کورده‌وه‌ نییه‌


حسێن یەزدان پەنا- سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان -(پاک)

حسێن یەزدان پەنا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان -(پاک) دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ لە ئێران دەڵێت" ئه‌گه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ گروپی نه‌ته‌وه‌یی فارس هه‌ڵبژاردنێکی ئاوا نادیموکراتی بێت ئه‌وا بۆ ئێمه‌ی کورد هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا هیچ نییه‌ بۆیە جێگۆڕکێی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ تاران فڕی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی کورده‌وه‌ نییه‌، دەشڵێت" کار بۆ ئەوە دەکەین لە ناوخۆی ئێران ڕیفراندۆمێک ئەنجامبدرێت بۆ دیاری کردنی چارەنوسی میللەتی کورد لە کوردستانی ئێران، خۆی له‌ حاڵه‌تی ڕیفراندۆمدا حیزبی ئێمه‌ داوا له‌خه‌ڵک ده‌کات که‌ ده‌نگ بده‌ن بە سەربەخۆیی کوردستانی ئێران."

"هه‌ڵبژاردنی دیموکراتی نه‌کراوه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان -(پاک) دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران وتی" خۆی له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ سیانزه‌هه‌مین جار بوو له‌ ماوه‌ی چل ساڵی ڕابردوو بۆ سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆک کۆمار کراوه‌ له‌ ئێراندا، یه‌که‌م ساڵه‌کان نه‌بێت واته‌ ده‌یه‌ی یه‌که‌می شۆڕشی ئێران، هاتنه‌ سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی له‌ ده‌یه‌کانی دووه‌م و سێیه‌م هه‌تا ئێستاش که‌ له‌ چواره‌م بۆ سه‌ره‌وه‌داین له‌ڕاستدا هه‌ڵبژاردنی دیموکراتی نه‌کراوه‌ هه‌روه‌ها ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردن هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌ به‌پێی سندوقه‌کانی ده‌نگدان بوو بێت، ئه‌مجاره‌ جیاوازی له‌گه‌ڵ جاره‌کانی تر ئه‌وه‌یه‌ کۆماری ئیسلامی له‌ لوتکه‌ی قه‌یرانه‌ جۆراوجۆره‌کاندایە، بۆ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵک سه‌لمێنرا که‌ هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ری هیچ کێشه‌یه‌کی خه‌ڵک ناکات."

حسێن یەزدان پەنا باسی لەوەشکرد" هه‌ر چوار ساڵ جارێک خه‌ڵک دێته‌وه‌ له‌نێوان چه‌ند به‌ربژێرێکدا که‌ خودی حاکمیه‌ت دیاریکردووه‌ واته‌ به‌یتی خامنه‌یی دیاریکردووه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌دا ناچار ده‌کرێن که‌ یه‌کێک له‌وانه‌ هه‌ڵببژێن، به‌م هه‌موو به‌رته‌سکیه‌ش دیسان مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێن و ده‌نگی پێده‌ده‌ن ئه‌وه‌ بێته‌وه‌، ته‌ماشا ده‌که‌ین قه‌یرانه‌کانی ڕابردوومان به‌جێی خۆی هه‌موو قه‌یرانه‌کانی پێشوو به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین له‌ قه‌یرانی کۆرۆنادا یان ئه‌گه‌ر سه‌یری مه‌سه‌له‌ی فڕۆکه‌ ئۆکرانییه‌که‌ بکرێت واته‌ خه‌ڵک گه‌یشتۆته‌ ئاستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و داڕمانی خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ له‌به‌ر هه‌بوونی سیاسه‌ته‌ خراپه‌کانی ئه‌و حکومه‌ته‌ بۆیه‌ کاتێک هه‌ڵبژاردنێکی وا دێته‌گۆڕ خه‌ڵک زۆربه‌ی زۆری ته‌حریمی (بایکۆتی) ده‌کات و به‌شداری تێدا ناکات، وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ کردبێتیشی زۆری ده‌نگی باتڵی (به‌تاڵ) ی داوه‌."

"هۆکاری بەشداری نەکردنی خەڵک "

"ئه‌گه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ گروپی نه‌ته‌وه‌یی فارس هه‌ڵبژاردنێکی ئاوا نادیموکراتی بێت ئه‌وا بۆ ئێمه‌ی کورد هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا هیچ نییه‌ "

حسێن یەزدا پەنا دەشڵێت" بێگومان ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵات بینیمان به‌رهه‌می دوو فاکته‌ره‌، یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵک بۆخۆی له‌ناوخۆی وڵاتدا خه‌ڵکی کوردستان له‌هه‌موو کاتێک نائومێد تر و بێهیواتره‌ به‌ به‌رده‌وامی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و ئه‌و حکومه‌ته‌، دووه‌م ئه‌و کاره‌ شلگیرانه‌ی که‌ هه‌ر حیزبێک له‌لای خۆیه‌وه‌ یه‌کێک له‌وانه‌ کاری چالاکانه‌ی پارتی ئازادی کوردستان که‌ هه‌وڵێکی زۆرماندا به‌خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆمان بڵێن ئه‌گه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ گروپی نه‌ته‌وه‌یی فارس هه‌ڵبژاردنێکی ئاوا نادیموکراتی بێت ئه‌وا بۆ ئێمه‌ی کورد هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا هیچ نییه‌، سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ی کورد میلله‌تێکین خاک و نیشتمانمان داگیرکراوه‌، ئه‌وه‌ی حاکمیه‌ت له‌سه‌ر وڵاتی ئێمه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات ئه‌وه‌ بێگانه‌یه‌ و له‌ئێمه‌ نییه‌."

"جێگۆڕکێی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ تاران فڕی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی کورده‌وه‌ نییه‌ "

حسێن یەزدان پەنا زیاتر ئاماژەی بە هۆکارەکانی بەشداری نەکردنی بەشێک لە خەڵکی کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لەو ڕووەوە دەڵێت" یه‌که‌م شت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ خه‌باتی ناڕه‌زایه‌تیه‌کی مه‌ده‌نی واته‌ بێ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ و توندوتیژی ڕوویدابێت میلله‌تێک هه‌ڵوێستی خۆی به‌شێوه‌ سلبیه‌که‌ واته‌ به‌شێوه‌ی ئیدانه‌کردنی کارێک ده‌ربڕی ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا هێز و توانا کۆده‌کاته‌وه‌ بۆ خه‌باتێکی جه‌ماوه‌ری، بۆ میلله‌تێک سه‌رکه‌وتنێکی بچوک له‌سه‌ر بابه‌تێک یان له‌ گۆڕه‌پانێک له‌ گۆڕه‌پانه‌کانی خه‌باته‌ سه‌رکه‌وتنێکی بچوک ده‌توانێت وزه‌یه‌کی زۆرتر کۆبکاته‌وه‌ تا مه‌یدانێکی تر و گۆڕه‌پانێکی تر له‌لایه‌کی تره‌وه‌ حکومه‌ت ناچار ده‌کات بازنه‌ی خۆییه‌کان زۆر به‌رته‌سکتر بکاته‌وه‌ هه‌روه‌کو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا ده‌رکه‌وت به‌وه‌ش حکومه‌ته‌که‌ باجێکی زۆرتر ده‌دات."

سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان -(پاک) ئەوەشی وت" سنوربه‌ندیه‌کی فکری ئێمه‌ پارتی ئازادی کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌ له‌شتێکدایه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێبازێکی نه‌ته‌وه‌یی بیرده‌که‌ینه‌وه‌ بنه‌ماکه‌ی ئه‌وه‌یه‌،جێگۆڕکێی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ تاران فڕی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌تی کورده‌وه‌ نییه‌، ئه‌م گوێزانه‌وه‌یه‌ی هه‌رچه‌ند ساڵ جارێک که‌سێک له‌ تاران بۆ کۆشکی کۆماری هیچ ده‌ردێکی ئێمه‌ ده‌وا ناکات، هیچ مافێکی ئێمه‌ دابین ناکات به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، به‌شێوه‌ی دیاریکراو له‌مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌سه‌ر کاری ئیبراهیمی ڕه‌ئیسی چه‌ند شتێک باشتر ده‌رده‌خات، یه‌که‌م ئه‌و بابه‌ته‌ی ئێمه‌ پێمان له‌سه‌ر داگرتووه‌ زیاتر ده‌رده‌خات که‌ خه‌ڵکینه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا مافه‌کانی گه‌لی ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد دابین نابێت چ خاته‌می بێت چ ئیبراهیمی ڕه‌ئیسی بێت چ ڕوحانی بێت."

"تا ئێمه‌ بتوانیین حاکمیه‌تی که‌مایه‌تی فارس له‌سه‌رخۆمان لاببه‌ین "

کەواتە چارەسەری ئێوە چیە وەک خۆت دەڵێی جێگۆڕکێی سیاسی دەسەڵاتداران "فڕی بەسەر بەرژەوەندی میللەتی کوردەوە نیە"، لە وەڵامدا حسێن یەزدان پەنا دەڵێت "ئێمه‌ سێ فاکته‌ر گرنگه‌ بۆمان، یه‌که‌م به‌ر له‌هه‌مووشتێک یه‌کڕیزی ناوخۆیی که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌وه‌دا وه‌کو هه‌موو به‌شه‌کانی تری کوردستان ئێمه‌ کێشه‌مان هه‌یه‌، دووه‌م هاوده‌نگی و هاوهه‌نگاویی له‌گه‌ڵ گه‌لانی بنده‌ستی ئێران وه‌کو به‌لوچ و عه‌ره‌ب و تورکمان و ئازه‌ری ئه‌وانه‌ پێکه‌وه‌ تا ئێمه‌ بتوانیین حاکمیه‌تی که‌مایه‌تی فارس له‌سه‌رخۆمان لاببه‌ین، وه‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نوسی خۆمان به‌ده‌ست بهێنیین، سێیه‌م کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌رکردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که‌ خۆی به‌پابه‌ند به‌ دیموکراتیه‌ت و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌زانێت ده‌بێت گوێ له‌ میلله‌تی ئێمه‌ بگرێت."

" ئه‌رکی ئێمه‌ی حیزبی سیاسی ده‌بێت ئه‌وه‌بێت خه‌بات بکات بۆ پێکهێنانی هه‌لومه‌رجێک کە ڕیفراندۆم ئەنجامبدەین "

مافی چارەی خۆنوسین واتە چۆن و دەتانەوێت چی بکەن؟ لە وەڵامدا حسێن یەزدان پەنا وتی" ئێمه‌ وه‌کو حیزب هیچ که‌سێکمان بۆمان نییه‌ دیاری بکه‌ین که‌ خه‌ڵک ده‌بێت چی بیه‌وێت به‌ڵکو ئه‌رکی ئێمه‌ی حیزبی سیاسی ده‌بێت ئه‌وه‌بێت خه‌بات بکات بۆ پێکهێنانی هه‌لومه‌رجێک که‌ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی ئێمه‌ ئازادانه‌ بتوانن چاره‌نوسی خۆیان دیاری بکه‌ن ئه‌وه‌ش له‌ چه‌مکه‌ هه‌ره‌ ناسراوه‌کانی ڕۆژئاوایه‌ واته‌ ڕیفراندۆم، خه‌باتی ئێمه‌ چیه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پرۆژه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌خه‌باتێکی یه‌کگرتووانه‌، وه‌ به‌په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دۆست و ده‌وڵه‌ته‌کانی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ خۆیان به‌پابه‌ند به‌ دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌زانن، وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ گه‌لانی بنده‌ست ئێمه‌ پرۆژه‌که‌مان ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لی ئێمه‌ بتوانێت له‌ ڕیفراندۆمێکدا چاره‌نوسی خۆی دیاری بکات پرۆژه‌ی سیاسی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێمه‌ ته‌نها ده‌توانیین له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی خۆمانه‌وه‌ قسه‌بکه‌ین."

"له‌ حاڵه‌تی ڕیفراندۆمدا حیزبی ئێمه‌ داوا له‌خه‌ڵک ده‌کات که‌ ده‌نگ بده‌ن بە سەربەخۆیی کوردستانی ئێران "

سەبارەت بەوەی چۆن ئەو بار و دۆخە دروست دەبێت کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن؟ وەڵامەکەی حسێن یەزدان پەنا بەمجۆرە بوو " ئێمه‌ خه‌بات ده‌که‌ین بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئینجا ئه‌وه‌ یان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ربه‌ره‌کانێی سیاسی و سه‌ربازی و جه‌ماوه‌ریی گه‌لی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ تاراندا ئه‌وه‌ به‌دیدێت به‌ پاشه‌کشه‌کردنی ئێران یان خودی ده‌وڵه‌تی ئێران له‌نێو قه‌یرانه‌کانی خۆیدا توشی داڕمان ده‌بێت و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ڵده‌که‌وێت یان حاڵه‌تێکی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ دروست ده‌بێت و ئه‌و حاڵه‌ته‌ ڕووده‌دات، له‌ حاڵه‌تی ڕیفراندۆمدا حیزبی ئێمه‌ داوا له‌خه‌ڵک ده‌کات که‌ ده‌نگ به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بده‌ن، واتە سەربەخۆیی کوردستانی ئێران. "

بەڵام ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی-عێراق ئەزمون کرا و دەوترێت شکستی هێنا ئێوە دەتانەوێت ئەو ئەزمونە دووبارە بکەنەوە؟ لە وەڵامدا حسێن یەزدان پەنا وتی " من به‌پێچه‌وانه‌ی رای زۆربه‌ی که‌ ڕه‌خنه‌گری ڕیفراندۆمن ده‌ڵێم نه‌خێر ئه‌زموونی ڕیفراندۆم ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتوو بوو، ئه‌رکی ڕیفراندۆم بریتیه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵک بتوانێت ئازادانه‌ بچێت ده‌نگ بدات، خه‌ڵک ئازادانه‌ چوو ده‌نگی به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان داوه‌، ده‌بێت بڵێن ئاکامه‌کان بۆچی وایلێهات، ده‌بێت بڵێن ده‌نگی ملیۆنان مرۆڤ زه‌وتکراو و پێشێل کرا؟!. "

" ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین و تێده‌کۆشین بۆئه‌وه‌ی بتوانیین ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ دروست ببێت و به‌شدار بین له‌ ڕێکخستن و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی "

حسێن یەزدان پەنا وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بێتە سەر شەقام لە ئێراندا پشتگیری دەکەن؟ لە وەڵامدا حسێن یەزدان پەنا وتی" به‌بڕوای من بارودۆخی پاش کۆرۆنا بۆ کۆماری ئیسلامی قۆناغێکی خۆش نابێت، ئه‌و ده‌رد و ئازاره‌ی خه‌ڵک له‌م قۆناغه‌دا چه‌شتی به‌ڵام نه‌یتوانی ده‌ریببڕێت و نه‌یتوانی بۆی بێته‌سه‌ر شه‌قام، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ که‌سێک هاتۆته‌سه‌ر کار که‌ خۆی شانازی ده‌کات به‌ کوشتاری زیندانانی سیاسی، وه‌ شانازی ده‌کات به‌ کوشتاری هه‌زاران مرۆڤی سیاسی له‌ زیندانه‌کاندا، هه‌روه‌ها هیچ هیوایه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کان و دابینکردنی بژێوی ژیانی ده‌یان ملیۆن مرۆڤ له‌و وڵاته‌دا نییه‌ بۆیه‌ پێشبینی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێکی بچووکدا به‌هه‌ر تروسکه‌یه‌ک ڕاپه‌ڕینێک لێره‌ و له‌وێ ساز ببێت له‌ ئێراندا
به‌ڵێ بێگومان نه‌ک هه‌ر پشتیوانی ده‌که‌ین به‌ڵکو ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین و تێده‌کۆشین بۆئه‌وه‌ی بتوانیین ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ دروست ببێت و به‌شدار بین له‌ ڕێکخستن و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:36 0:00


XS
SM
MD
LG