Accessibility links

دەسەڵاتدارانی ئێران لە پاش خۆپـیشاندانەکان هێز لە چەند شارێکی وڵاتەکەیان بڵاودەکەنەوە


بەپـێی ئاژانسەکانی هەواڵ و چالاکوانان، حکومەتی ئێران هێزێکی زۆری لە چەند شارێکی سەرەکی وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە لە پاش ئەنجامدانی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە بەرامبەر بڕیاری لەسێدارەدانی 3 کەس لەوانەی لە خۆپـیشاندانەکانی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو بەشداریـیان کردبوو.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریان داوە بە توندی ڕووبەڕووی هەر خۆپـیشاندانێکی نوێ ببنەوە. دەڵێت پـۆلیسی ئێران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا گوتویەتی نابێت خەڵکی بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە گردبوونەوەی "دژی شۆڕش" بکەن، ئەگەر نا ئەوا بەپـێی یاسا پـۆلیس لەسەریەتی بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە جموجۆڵانە بکات. هەروەها گوتویەتی "دوژمنان" حاڵەتی بێزاری لە نێو خەڵکدا دروستدەکەن.

ڕۆیتەرز دەشڵێت پـیاوێک لە تارانەوە کە لەبەر سەلامەتی خۆی نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پـێی گوتوون" خەڵکی توڕەن، ئابوری بە ئاستێک خراپە ناتوانین خۆمان ڕزگاربکەین."

هاوکات ژمارەیەک ڤیدیۆ و وێنە لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە دەستی چالاکوانانی ئێرانی لە دەرەوە و لە ماڵپەڕ و سۆشیال میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.

ماڵپەڕی"ايران اينترنشنال" کۆمەڵێک لەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت هی شارەکانی بەهبەهان و شیرازن.

هەروەها محەمەد مەجید ئەحوازی کە ڕۆژنامەوانێکی ئێرانیـیە لە تاراوگە، ئەویش ژمارەیەک لەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکردووەتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەیان بە قەیرانێکی گەورەی ئابوری تێپەڕدەبێت، فشاری زیاتر دەخەنە سەر ئێرانیـیەکان، ئەمەش ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG