Accessibility links

ژنێکی فەڕەنسی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی دەهێنێت لە زیندانێکی ئێران


فەریبا عادلخا کە ژنێکی فەڕەنسی بە ڕەچەڵەک ئێرانیـیە و لە 24 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە لە ناو زیندانێکی ئێران مانگرتنی ڕاگەیاندبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

سەعید دێهقان، پارێزەرەکەی ئەمڕۆ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت فەریبا عادلخا کۆتایی بە مانگرتنە شەش هەفتەیـیەکەی خۆی هێنا، لەسەر داوای چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی.فەریبا عادلخا کە بە تۆمەتی پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەویی ئێران لە زینداندایە و چاوەڕێی ڕۆژی دادگاییکردنەکەی دەکات.

دێهقانی دەڵێت "عادلخا لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، تەندروستی باش نییە. " و دەشڵێت " دەنگی بە ئاستەم دەبیسترێت و ناتوانێت بە ڕێگادا بڕوات."

عادلخا پسپۆڕ لە بواری ئیسلامی شیعە و بەڕێوبەری توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی پۆی پاریسدا لە مانگی شەشدا لە لایەن ئێرانەوە دەستگیرا و لە ئێستادا لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە.

بە وتەی دێهقان وەک پارێزەری هەردووکیان، ڕۆڵەند مارشال، هاوپێشەی عادلخا لە کاتی سەردانی عادلخادا، دەستبەسەر کراوە.

گرووپێک لە فەڕەنسا کە کۆبونەوەیەکی بە مەبەستی پاڵپشتی لە عادلخا ڕێکخستبوو، خوشحاڵی خۆی بۆ شکاندنی مانگرتنەکە دەربڕی.

لێژنەی پشتگیری بە فڕانس پرێسی گوت کە " ئەمە زۆر جێی دڵخۆشیـیە چوونکە ئێمە بەردەوام نیگەرانی تەندروستی ئەو بووین." دەشڵێت " بێگۆمان ڕێکخستنی زۆرتر پێویستە بۆ ڕزگارکردنی فەریبا و ڕۆڵەند لە زیندانی ئێڤین و ئێمە لە هەوڵداین بۆ فەراوانترکردنی هەوڵەکانمان بۆ ئەم مەبەستە."

بە گوێرەی لیژنەکە، عادلخا مانی لە خواردن گرتبوو بە مەبەستی ئازادکردنی مارشاڵ و نیگەرانییەکانی لە بارەی تەندروستی ئەوەوە.

ئێران تۆمەتی سیخوڕی لە سەر عادلخا لادەبات، بەڵام هێشتا تۆماتبارە بە "بڵاوکردنەوەی پڕوپاکاندە دژی سیستەمی ئێران" و "پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەویی".

بە وتەی پارێزەرەکەی مارشاڵ تۆمەتبارە بە "پێلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەویی".

زیندانیکردنی عادلخا و مارشاڵ بووە هۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزیـیەکانی نێوان ئێران و فەڕەنسا. پاریس داوای ئازادکردنی هەردووکیانی کردبوو وەک نیشاندانی نیازپاکی لە لایەن ئێرانەوە.

ئێران کە بە فەرمی دوو هاوڵاتینامەیی قەبووڵ ناکات، بەردەوام ڕەخنە فەڕەنسا دەگرێت گوایە دەستوەردەداتە کاروباری ناوخۆی ئێران.

هەر تەنیا ئەو دوو ئەکادیمییە نیین لە زیندانەکانی ئێراندان، کەیلی موور- گیڵبێرتی خەڵکی ئۆسترالیا لە زانکۆی مێلبۆرن، ئەویش بە 10 ساڵ زیندانی حوکمدراوە بە تۆمەتی سیخوڕی.

XS
SM
MD
LG