Accessibility links

ئێران لە ساڵیادی شۆڕشی 1979 ڕێپـێوانێک لە تاران ئەنجام دەدات


هاوکات لەگەل زیادبوونی گرژیـیەکانی نێوان ئێران و ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە سەدان هەزار ئێرانی لە ڕێـپـێوانێکدا لە تاران، ساڵیادی شۆڕشی 1979 ئێرانیان یادکردەوە.

جەماوەر درووشمی " مردن بۆ ئەمریکا" یان گوتەوە و ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکایان سووتاند.

گرژی و ئاڵۆزی نێوان تاران و واشنتن ڕووی لە زیادبوون کرد لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ زل هێزەکاندا لە مانگی پـێنجی ساڵی 2018 . بەڵام پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پـێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا، گرژیـیەکانی نێوانیان ئەم دوو وڵاتە گەیشتنە ترۆپکی خۆی.

ئێران بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە ‌هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەر بەم هۆیەوە 100 سەربازی هێزەکانی ئەمریکا زیانی تەندروستیان پـێگەیشت.

تەلەفیزیۆنەکانی ئێران ساڵۆگەرەکەی ئەمساڵیان لە ژێر ناوی "سپێدەی سولەیمانی" یادکردەوە.

وێنە گەورەکانی قاسم سولەیمانی لەسەر زۆرێک لە لافیتەی ڕێپێوانەکاندا دەبینران. هەروەها حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە مەیدانی ئازادی ئێران قسەی بۆ جەماوەر کرد و گوتی دانۆڵد ترامپ و دەوڵەتەکەی لە بیانووەکانیاندا بۆ ‌هێرشکردنە سەر قاسم سولەیمانی درۆیان کردووە.

پـێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتبووی قاسم سولەیمانی خەریکی پیلانگێڕان بووە بۆ هێرشکردنە سەر بنکە و شوێنەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەروەها یارمەتیدەر و ڕێکخەری هێرشی میلیشیاکانیش بووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.

ساڵیادەکە نزیک لە 10 ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو و پێدەچێت کە پێوەرێکیش بێت بۆ متمانە و خۆشەویستی خەڵک بۆ حەسەن ڕوحانی و گرووپەکەی، وەک دەستەی نزیک لە ڕیفرۆمخوازەکان، لە بەرامبەر توندڕەوەکانی ئێراندا.

XS
SM
MD
LG