Accessibility links

دادگایەکی ئێران بڕیاری سزای زیندانی بۆ سەرۆکی پـێشووی شارەوانی تاران پەسەند دەکات


دادگای پـیاداچوونەوەی ئەسفەهان سزای زیندانی یەک ساڵی بۆ غولام حسێن کەرباسچی سەرۆکی پـێشووی شارەوانی تاران پەسەندکرد، ئەمەش بە تۆمەتی پـرۆپاگەندە لە دژی ڕژێمی وڵاتەکەی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی میزانی فەرمی دادوەری ئێران ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی هەواڵەکەی ڕاگەیاند، دەڵێت بەپـێی مادەی 500 یاسای سزاکان بڕیاری زیندانیکردنەکە بۆ کەرباسچی دەرچووە.

ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە ئەسفەهان گوتویەتی "هەموومان دەمانەوێت ئاشتی لە سوریا و لوبنان و یەمەن بەرقەراربێت و بەرگری لە ستەملێکراوان بکرێت و شیعە لەو شوێنانە بەهێزبن، بەڵام ئایا ڕاستە ئەم کارە بە ڕێگەی پـێدانی پارە و کڕینی چەک و کوشتن و بۆردومانکردن بکرێت؟"

ئەم تێبینیـیەی کەرباسچی بووە جێی ناڕەزایی دەسەڵاتدارانی ئێران، بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکرا بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بەو ئێرانیانەی لە شەڕەکانی ناو سوریا و عێراق کوژراون.

ناوبراو ساڵی 1998 دەسـتگیرکرا بە تۆمەتی سەرپـێچی دارایی و دادگا بڕیاری دا 3 ساڵ زیندانیبکرێت، بەڵام دوای دوو ساڵ لە زیندان لێبوردنی بۆ دەرچوو لە لایەن عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران.

XS
SM
MD
LG