Accessibility links

شارەزایانی ناوەندێکی ئەمەریکا دەڵێن ئێران شوێنێکی نهێنی هەیە بۆ دروستکردنی موشەک


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت شارەزایانی بواری چەک لە ناوەندی میدڵبوری لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئێران دەزگای نهێنی هەیە لە ناوچەیەکی بیابانی چۆڵی وڵاتەکەی.

ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت تیمێکی توێژنەوەی ئەم ناوەندە لە بەهاری ئەمساڵ سەیری بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی نوێی ئێرانیان کردووە کە تیایدا بە شان‌وباڵی جەنەڕاڵ حەسەن تەهرانی موقەدم هەڵی دەدا، ئەوەی زانایەکی لەشکری بوو و ساڵی 2011 لە تەقینەوەیەک لە دەزگایەکی دروستکردنی موشەکی مەودا دور گیانی لەدەستدا.

تیمەکەی ناوەندی میدڵبوری بۆیان دەرکەوت ئەو شوێنە دەزگایەکی دیکەی نهێنی ئێرانە. فابیان هنز کە یەکێکە لە توێژەرەوەکان، شتێک لە ڤیدیۆکە سەرنجی ڕاکیشا، ئەویش کارتۆنێک لە پشت جەنەڕاڵ حەسەن تەهرانی موقەدملەسەری نووسراوە شەهروود. ئەمە وەهای لێکردن سەرنج بدەنە وێنە سەتەلایتیـیەکانی ناوچەی شەهروود. سەرئەنجام بە بینی ژمارەیەک وێنەی کۆنی چەندان ساڵەی ئەو ناوچەیە بۆیان ئاشکرابوو شوێنێک کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە شاری شەهروودەوە دورە و ساڵی 2013 تاقیکردنەوەی موشەکی لێکراوە و وەها پـێوەی دیارە چۆڵکراوە، هێشتا کاری لێدەکرێت.

دەڵێن لەو بڕوایەدان لەو شوێنە پەرە بە تەکنەلۆجیای بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و بزوێنەرەکانی موشەک دەدرێت.

XS
SM
MD
LG