Accessibility links

لە پـێکدادانێکی نێوان خۆپـیشاندەران و هێزەکانی ئاسایش لە شارێکی ئێران کوژراو و بریندار هەیە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی فارسی نزیک لە کۆنەپارێزانی ئێران دەڵێت شەوی چوارشەممە توندوتیژی لە شاری کازێرونی باشوری وڵات ڕوویداوە و لە ئاکامدا کەسێک کوژراوە و 6 کەسی دیکە برینداربوون.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی"پاش داوایەکی گوماناوی لەسەر تلگرام، کۆمەڵێکی بچوک خۆپـیشاندانیان کردووە و دروشمیان وتووەتەوە و ئاگریان بەرداوەتە بنکەیەکی پـۆلیس."

بەڵام بەپـێی چالاکوانان لە ناو ئێران بە لایەنی کەم 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان کەسی دیکە برینداربوون. هەروەها دەڵێن حکومەت هێڵی ئنتەرنێتی لە شارەکە بڕیوە. چەند پارچە ڤیدیۆیەکی خۆپـیشاندانەکان لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بڵاوکراونەتەوە.

ناڕەزایـیەکان لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە کاربەدەستانی ئێران دەیانەوێت ناوچە لە شاری کازرون جیابکەنەوە و بیکەنە شاری دیکە، بەمەش بەشە بودجەی شارەکە کەمدەکرێتەوە. هەرچەندە کێشەکە سیاسی نیـیە، بەڵام چاودێران پـێیان وایە ئەمە هەلێکە بۆ هاوڵاتیانی ئێرانی تاوەکو ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر حکومەتی وڵاتەکەیان دەرببڕن.

XS
SM
MD
LG