Accessibility links

کۆمپانیایەکی دانمارک بۆ بارکردنی نەوت بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی لەگەڵ ئێران دەدات


کۆمپانیای (مێرسک تانکەرز) ی دانمارکی بۆ کەشتی بارکردنی نەوت بڕیاری دا کارەکانی لەگەڵ ئێراندا ڕابگرێت، ئەمەش پاش ئەوەی ئەمەریکا سزاکانی لەسەر تاران نوێکردەوە وەک بەشێک لە کشانەوەی لە ڕێکەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێراندا.

کۆمپانیاکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئیمەیڵێکی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ناردووە و تیایدا نووسیویەتی، هەرچەندە پابەند دەبێت بەو گرێبەستانەی پـێشتر لەگەڵ ئێراندا مۆریکردوون و لە 8 ی مانگی پـێنجەوە چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەپـێی دووبارەبوونەوەی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا لە 4 ی مانگی یازدەدا کۆتایـیان پـێدێت.

جێی ئاماژەیە ئێران بەر لە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکە هەناردەکانی نەوتی نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە پاش سووکردنی سزاکان گەیشتە 2.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا ڕەوانەدەکرێن.

ئێستاش بەهۆی نوێکردنەوەی سزاکان پـێشبینی دەکرێت وردە وردە هەناردەکانی نەوتی ئێران کەمببنەوە وە ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی مێرسک تانکەرز سەرەتاکەیەتی.

مێرسک تانکەرز پـێشتر بەشێک بووە لە کۆمپانیای دەریایی دانمارکی AP Moller-Maersk و لە مانگی دەی ساڵی 2017 بە بەهای 1.17 ملیار دۆلار بە کۆمپانیای APMH فرۆشرا. لە ئێستادا مێرسک تانکەرز خاوەنی زیاتر لە 160 کەشتیـیە و نزیکەی 3100 کارمەندی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.

XS
SM
MD
LG