Accessibility links

ژمارەیەک ئاکادیمی ئێرانی داوای لێکۆڵینەوە لە بارەی گیان لەدەستدانی زانایەکی ژینگەپارێز دەکەن


ژمارەیەک لە گەورە ئاکادیمیـیەکانی ئێرانی داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کردووە ڕوونکردنەوە بدات لە بارەی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەیڵێن چالاکوانێکی ناسراوی بواری ژینگە لە زینداندا خۆی کوشتووە.

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژی هەینی کەسوکاری کاووس سەید ئیمامیـیان ئاگادارکردەوە لەوەی ناوبراو لە زیندان خۆی کوشتووە، ئەمەش پاش دوو هەفتە لە دەسـتگیرکردنی.

کاووس سەید ئیمامی تەمەن 63 ساڵ کە ڕەگەزنامەی کەنەدیشی هەبوو، دەڵێن یەکێک بوو لە مامۆستا بەتواناکانی زانکۆی ئیمام سادق و هەروەها دامەزرێنەری ڕێکخراوی ژینگەی ئاژەڵە کێویـیە فارسیـیەکان بووە.

ژمارەیەک لە چوار کۆمەڵەی ئاکادیمیایی هەندێک لە زانکۆ گەورەکانی ئێران، نامەیەکی کراوەیان بۆ حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران ناردووە و تیایدا داوایانکردوو دەستبەجی ڕێوشوێنی پـێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ڕژد لەم بارەیەوە و هەروەها دەزگا بەرپـرسەکانی لە هۆکاری ئەم ڕووداوە لێپـرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

پاشان نووسیویانە سەید ئیمامی کەسێکی زانا بووە و خاوەن ڕەوشتێکی بەرزبووە، وە ئەو هەواڵ و قسانەی لە بارەی مەرگیـیەوە دەکرێن ناکرێت بڕوایان پـێبکرێت.

لە لایەکی دیکە غولام حسێن موحسنی ئیجابی گوتەبێژی دەسەڵاتداری دادوەری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ILNA ڕیفۆرمخوازەکانی گوت هەواڵی مەرگی سەید ئیمامی بیستووە، بەڵام هیچ زانیاریـیەکی وردی لەم بارەیەوە لا نیـیە. گوتیشی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە کاربەدەسـتێک لە دادوەری ئێران گوتی سەید ئیمامی دانی‌ناوە بەوەی تاوانی پەیوەست بە سیخوڕی کردووە. هەروەها گوتی 7 ئەندامی دیکەی ڕێکخراوە ناحکومیـیەکەی کە بە "حیات وحش میراث پارسیان" ناسراوە هێشتا لە زینداندان.

XS
SM
MD
LG