Accessibility links

پەرلەمانتارێکی ئێران: نزیکەی 3700 کەس لەسەر خۆپـیشاندانەکان دەسـتگیرکراون

  • VOA News

پەرلەمانتارێکی ئێرانی لەوانەی بە ڕیفۆرمخواز دەناسرێن، دەڵێت نزیکەی 3700 کەس دەستگیرکراون لەسەر خۆپـیشاندانەکانی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو لە وڵاتەکەدا بەڕێوەچوون.

ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری مەحمود سادقی ئەم ئامارەی بڵاوکردەوە، ئەمەش یەکەم جارە بەرپـرسێکی ئێرانی ئەم ژمارە زۆرە بڵاوبکاتەوە.

سادقی گوتوشیەتی بەهۆی ئەوەی دەزگا ئاسایشیـیە جیاجیاکانی وڵاتەکەی خۆپـیشاندەرانیان دەسـتگیرکردووە، نەتوانراوە ژمارە تەواوەکە بزانرێت.

پـێشتر کاربەدەسـتانی ئێران گوتوبوویان تەنیا لە تارانی پایتەخت هێزەکانی ئاسایش سەدان کەسیان دەسـتگیرکردووە.

عەبدول ڕەزا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی ئێران ئەویش گوتبووی نزیکەی 42 هەزار کەس بەشداریـیان لە خۆپـیشاندانەکانی دژی حکومەت کردبوو. بەم لێدوانەی ئەمڕۆی سادقی واتە نزیکەی 10% ی خۆپـیشاندەران دەسـتگیرکراون.

پـێشتر ڕۆژی یەکشەممە عەباس جەعفەر دەوڵەت‌ئابادی داواکاری گشتی تاران گوتی لە ماوەی 48 کاژمێری ڕابردوو 70 کەس بە کەفالەت ئازادکراون. گوتیشی خەڵکی زیاتریش ئازاد دەکەن، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هاندەرانی سەرەکی خۆپـیشاندانەکان ئازاد ناکرێن.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئێرانا، هەر ڕۆژی یەکشەممە پەرلەمانی ئێران دانیشتنێکی داخراوی سازکرد و تیایدا کاربەدەستانی باڵای ئاسایشی لە بارەی خۆپـیشاندانەکان و دەسـتگیردنی خۆپـیشاندەران زانیاریان بە پەرلەمانتاران دابوو.

XS
SM
MD
LG