Accessibility links

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاهی داوە بە وڵاتانی دراوسێی سەبارەت بە هاندانی پشێوی و نارامی لە ئێراندا.

ئەم ڕاگەیاندنەی موحەمەد جەواد زەریف، لە میانەی کۆنفرانسێکی ئاسایشیدا بووە کە ئەمڕۆ دووشەممە لە تاران بەڕێوەچووە، وەک ئاماژەیەکیش بووە بە خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لێدوانەکانی زەریف ڕەنگدانەوەی هەمان لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بووە کە دەیانگووت وڵاتانی بیانی هاندەرن بۆ پشێویەکان و نائارامییەکانی ناو ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتارەکەیدا جەختی کردۆتەوە لەوەی "هیچ وڵاتێک ناتوانێت ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ خۆی دابین بکات لەسەر بنەمای نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتانی دراوسێیدا."

ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا لە زاری موحەمەد جەواد زەریفەوە نوسیویە "هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە تەنها بەرپەرچدانەوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت."

ڕۆژی یەکشەممەش پەرلەمانی ئێران دانیشتنێکی داخراوی کرد بۆ تاووتوێکردنی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بوون بە ناڕەزاییە خوێناویەکانی وڵاتەکە.

ئەندامانی مەجلیسی شورای ئێران پرسیار و وەڵامیان کردووە لەگەڵ عەبدولڕەحمانی ڕەحمانی فازیل، وەزیری ناوخۆ و مەحمود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران و هەروەهاش عەلی شامخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لەسەر خۆپیشاندانەکان و پەرەسەندنیشی بە سەرانسەری وڵاتەکەدا و هەروەهاش کوژرانی بەلانی کەم 21 کەس لەو ڕووداوانەدا.

دەسەڵاتداران دەڵێن زیاتر لە یەک هەزار کەس لە ماوەی یەک هەفتەی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و دواتر بەشێکی زۆریان بە متمانەی دارایی ئازادکران.

XS
SM
MD
LG