Accessibility links

ئاگری ئێسماعیل‌نژاد: ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئێران ده‌ستپێشخه‌ری شه‌ڕێکی نوێ بێت زۆر کەمه


شانشینی عەرەبستانی سعودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ند روژه زۆر بە توندی یەکتر گوناهبار دەکه‌ن. ڕیاز دەڵێت ئەو هێرشە موشەکیەی ڕۆژی شەممە لە یەمەنەوە کرایە سەر عەرەبستانی سعودیە دەکرێت بە بڕیاری شەڕی ئێران دژی سعودیە سەیر بکرێت، تارانیش ڕکابەرەکەی خۆی بە تاوانی شەڕ گۆناهبار دەکات.

ئاڵۆزی و پشێویەکان هەروادێ و لە زیادبووندان لە نێوان عەرەبستانی سعودیەی سوننە ئاینزا و کۆماری ئیسلامی ئێرانی شیعە ئاینزادا کە دژی یەکن لە ژمارەیەک دۆسێی ناوچەکەدا وەک یەمەن و سوریا و قەتەر و هەروەها لوبنانیش.

هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە کە شەڕی دژی ئێران دەکات لە یەمەن دەڵێت"مافی وەڵامدانەوەی خۆیی هەیە" لە بەرامبەر ئەو هێرشە موشەکییەی ڕۆژی شەممە کرایە سەر ڕیاز و دەڵێت " شەڕانگێزییەکی ئاشکرایانەی لەشکری بووە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە و دەشێت وەک بڕیاری شەڕ لێی بڕوانرێت."

عادل جوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیـیە لەسەر تویتەری فەرمی خۆی نووسیویەتی "دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە زیان بە ئاسیاشی وڵاتانی دراوسێ دەگەیەنێت و کاردەکاتە سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، ڕێگە بە هیچ دەسـتدرێژیـیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان نادەین."

ئەمەریکاش دەڵێت ئێران ئەو موشەکەی بە یاخیبووە حوسیـیەکانی یەمەن داوە کە لە مانگی حەوتدا بۆ عەرەبستانی سعودی هەڵدابوو. نیکی هەیڵی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە گوتی زانیاریـیەکانی ڕیاز داونی نیشانیان داوە ئەو موشەکەی لە مانگی حەوتدا بۆ سعودیـیە هەڵدرابوو، موشەکی ئێرانی جۆری (قیام) بووە کە بەر لە شەڕی یەمەن ئەم جۆرە چەکە لە یەمەندا نەبووە.

گوتیشی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی پـڕچەککردنی حوسیـیەکانەوە دوو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بارەی یەمەن و ئێرانەوە پـێشێلکردووە. باسی لەوەش کرد ئەو موشەکەی ڕۆژی شەممە گیرابووە سعودیـیە و لە ئاسماندا تەقێنرایەوە، ڕەنگە ئەو موشەکەش دروستکراوی ئێران بووبێت.

شەممەی ڕابردوش سەعەد حەریری لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا لە عەرەبستانی سعودیـیەوە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پـۆستەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش لە بەرامبەر دەسـتێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەی. گوتیشی ئێران خوازیارە جیهانی عەرەبی وێرانبکات.

چه‌ند ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به شێوازی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ شەڕ نێوان سعودییه و ئێران سه‌ر بگرێت؟ لایه‌نی عه‌ربستانی چۆن ده‌ڕوانێته ئه‌م ڕه‌وشه و لایه‌نی ئێرانی چه‌ند ئه‌گه‌ری هه‌یه ده‌ستپێشخه‌ری شه‌ڕی وابێت؟

له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاگری ئێسماعیل‌نژاد، ڕۆژنامه‌وان له ئاستۆریا ئه‌م بابه‌تەمان تاوتۆ کردوه.

XS
SM
MD
LG