ئێران دەڵێت ئەو هێرشبارانەی ناسیوەتەوە، ئەوانەی دوێنێ چوارشەممە هێرشیان کردە سەر مەزارگەی خومەینی لە دەرەوەی تارانی پایتەخت و بینای پەرلەمان لە ناو تاران و بوونە مایەی کوژرانی 17 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕایگەیاند هێرشبەرەکان 5 کەسی ئێرانی بوون کە پـێشتر پەیوەندیـیان بە گروپە وەهابی و تەکفیریـیەکان هەبووە و پاشان بوون بە داعش و وڵاتەکەیان جێهێشتووە و لە موسڵ و ڕەققە بوون.
وەزارەتەکە تەنها ناوی یەکەمی هێرشبەرەکانی بڵاوکردەوە لەگەڵ وێنەکانیان، بەڵام دەڵێت ناوی خانەوادەکانیان ئاشکرا نەکات لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی.
گوتیشی ئەم هێرشبەرانە لە نێوان مانگی حەوت و هەشتی ساڵی 2016 گەڕاونەتەوە بۆ ئێران و کەسێک ڕابەرایەتی کردوون بە ناوی ئەبو عائیشە و پـێشتر بە نیازبوون هێرشی تێرۆرستی لە شارە ئاینیـیەکانی ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام توانیویانە شکست بە پلانەکانیان بهێنن و کەسە سەرەکیـیەکانیان لەناوبەرن، لەوانە ئەبو عائیشە، ئەمەش وای لە ئەندامەکانی دیکەی گروپەکە کرد خۆیان بشارنەوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران دەڵێن هێرشبەرەکان کڵاشینکۆف و دەمانچەیان پـێبووە و بە لایەنی کەم دووانیان بۆمبیان لە خۆیان بەستبوو و خۆیان تەقاندووەتەوە.
هەروەها پـۆلیسی ئێران گوتی 5 کەسی دیکەی لە نزیک مەزارگەی خومەینی دەسـتگیرکردووە پاش ئەوەی گومانیان لێکربوون.