Accessibility links

کاندیدێـکی ڕیفۆرمخوازی ئێران پـێشبینی دەکات سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەسـتبهێنن


کاندیدێـکی لایەنگری حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران پـێشبینی دەکات سەرکەوتن بەدەسـتبهێنن بەسەر توندەڕەوەکاندا لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەی بڕیارە سبەی هەینی سـازبکرێت.

محەمەد ڕەزا عارف کە سەرۆکی لیستێـکی 30 کاندیدی ڕیفۆرمخوازانە لە تاران ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ئەگەر بێت و ئەو پـێشبینیـیەی بێتەدی، ئەوا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوحانی لە بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتەکە کە چەندان ساڵە بەهۆی سزاکانەوە زیانی پـێگەیشتووە.

بەڵام ڕەزا عارف کە جێگری پـێشووی سەرۆکی ئێران بووە لە سەردەمی محەمەد خاتمی گوتیشی تەنانەت ئەگەر هاتوو توندڕەوەکان بە زۆرینە لە نێو ئەو پەرلەمانە 290 کورسیـیە مانەوە، ئەوا ڕیفۆرمخوازەکان هاوبەندیـیەک پـێکدەهێنن تاوەکو لە فشارەکانیان بەردەوام بن بە مەبەستی بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتەکەیان.

ڕیفۆرمخوازەکانی لایەنگرانی ڕوحانی کە بەهۆی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە پشـتیوانی جەماوەریـیان زیاتر بووە، خوازیارن دەسەڵاتی زیاتریان لە نێو پەرلەمان و مەجلسی خبرگاندا هەبێت. مەجلسی خبرگان کە لە 88 ئەندام پـێـکهاتووە، ئەو دەزگایەیە کە ڕابەری باڵای وڵات دەسـتنیشان دەکات.

ڕۆیتەرز دەڵێت بەڵام سیاسەتمەدارانی دیکە پـێشبینی دەکەن باڵی توندڕەوەکان 60%ی کورسیـیەکانی پەرلەمان ببەنەوە.

لە لایەکی دیکە هەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە 1385 کاندید لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە کشانەوە.

محەمەد حسێن موقیمی سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند لە ئێسـتادا 4844 کاندید هەن بۆ پـڕکردنەوەی 290 کورسیـیەکەی پەرلەمان، لەوانە نزیکەی 500 کاندیدیان ژنن و 159 کاندیدیش بۆ ئەنجومەنی خبرگان هەن کە تاکە ژنێـکیشیان لە نێودا نیـیە.

نزیکەی 55 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.

XS
SM
MD
LG