Accessibility links

ئێران هۆشیاری دەداتە ئیسڕائیل


ئێم تی مێرسەر ستریت
ئێم تی مێرسەر ستریت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشیاریدایە ئیسڕائیل و ئاگاداری کردەوە هیچ ئەرکێکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام نەدات، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل لەسەر هێرشە کوشندەکەی سەر کەشتیە بارهەڵگرەکە هەڕەشەی لە ئێران کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیبزادە لە تویتەر نوسیویەتی " لە پێشێلکردنێکی دیکەی زەقی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا، ئیسڕائیل ئێستا بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی لە ئێران دەکات."

هەفتەی ڕابردوو کەشتیەکی بارهەڵگر بە ناوی ئێم تی مێرسەر ستریت کە لەلایەن ملیاردێرێکی ئیسڕائیلەوە بەڕێوەدەبرێت لە کەنار دەریای عومان هێرشی کرایەسەر.

پاسەوانێکی ئاسایشی بەڕیتانی و دوو کارمەندی ڕۆمانی لە هێرشەکەدا کوژران، ئەمەریکا و بەڕیتانیا دەڵێن وادەردەکەوێت هێرشەکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجام درابێت.

ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت وتی حکومەتەکەی " کاردەکات بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە." بەڵام ئەوەشی خستەڕوو " ئێمە خۆشمان بە تەنها دەزانین چۆن وەڵام بدەینەوە."

بێنێت وتی " ئێرانیەکان دەبێت لەوە تێبگەن مەحاڵە بتوانن لە تاران بە ئیسراحەت دانیشن و لەوێوە ئاگر بەردەنە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوە تەواو بوو."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە ماوەی ڕابردوودا وتیان دەزگا هەواڵگرییەکانیان بۆیان دەرکەوتووە هێرشەکەی 29 ی مانگی حەوت لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانییەوە ئەنجامدراوە. لەلای خۆشیەوە تاران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە.

خەتیبزادە وتی " ئەمە بەڕوون و ئاشکرا دەڵێین، هەر کردەوەیەکی گەمژانە دژی ئێران بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام دەدرێتەوە."

وتیشی " تاقیمان مەکەنەوە."

لەم مانگانەی دواییدا چەند هەواڵێک هەبوون لەسەر هێرش کردنە سەر کەشتیە ئێرانیەکان و تارانیش ئیسڕائیلی بە بەرپرس لەو هێرشانە داناوە.

لە مانگی سێدا، دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر کەشتیەکی بارهەڵگر لە دەریای ناوەند، ئێران وتی " سەرجەم بژاردەکان بە لەبەرچاو دەگرین." هەروەها ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد لەسەر هێرشەکە.

لە مانگی چواریشدا ئێران وتی لە تەقینەوەیەکدا کەشتیەکی لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج، دواتریش ڕاگەیاندنەکان ئاماژەیان بەوەدا ئیسڕائیل کەشتیەکەی کردۆتە ئامانج.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ئاماژەی بەوەدا ئیسڕائیل وەکو " تۆڵەیەک " لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیە ئیسڕائیلیەکان ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.

ئێران ئیسڕائیلی بە کۆمەڵێک تۆمەتی دیکە تۆمەتبار کردووە، لەوانەش تێکدانی کارخانە ناوەکییەکانی و کوشتنی ژمارەیەک لە زاناکانی ئێران.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG