Accessibility links

ئێران بەشێکی سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستان بە دیوار دەگرێت


ڕۆژی دووشەممە میدیا ناوخۆییەکان بڵاوییان کردەوە سوپای ئێران دیوارێکی بە درێژایی زیاتر لە 10 کم لەسەر سنوورەکەی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ ئەفغانستاندا دروست کردووە، کە خاڵی سەرەکی هاتنە ناوەوەی کۆچبەرانە.

دەزگای هەواڵی ئیسنا لە زاری جەنەڕاڵ نۆزار نیمەتی جێگری فەرماندەی هێزە پیادەکانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە " بە درێژایی زیاتر لە 10 کم لە دیوار لەسەر سنوور دروست کراوە و 50 کیلۆمەتری دیکەش دیوار دروست دەکرێت."

ئێران سنوورێکی زیاتر لە 900 کیلۆمەتریی هەیە لەگەڵ ئەفغانستاندا، هەروەها میوانداری گەورەترین دانیشتوانی ئاوارەی کردووە لە جیهاندا.

زۆربەی ئەو ئاوارانە ئەفغانین و لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا لە دەست ململانێکانی ناو وڵاتەکەیان هەڵاتوون و هاتوون بۆ ئێران.

لە دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، لێشاوی کۆچی ئەفغانییەکان بۆ ئێران زیاتر بووە.

تاران ژمارەیەکی دیاریکراوی کۆچبەرە ئەفغانییەکانی نەداوە، بەڵام پەرلەمانتاری ئێران ئەبولفازل تۆرابی دەڵێت ژمارەکە لە نێوان " شەش بۆ حەوت ملیۆندایە."

ئێران لەمدواییانەدا فشارەکانی لەسەر پەنابەرە " نایاساییەکان " زیاتر کردووە، زۆرجار باسی لە دەرکردنی پەنابەران کردووە لە ڕێی سنووری ڕۆژهەڵاتییەوە.

جەنەڕاڵ نیمەتی وتی " لە ڕێی داخستنی سنوورەکەوە، دەمانەوێت کۆنتڕۆڵی هاتن و چوون بۆ وڵاتەکەمان بکەین و ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانمان باشتر بکەین."

لە مانگی نۆدا وەزیری ناوخۆی ئێران ئیسکاندەر مومینی وتی ئێران لەگەڵ دیوارەکەدا شێوازی دیکەش دادەنێت بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی کۆچبەران، لەوانەش دانانی وایەری کارەبایی و چاڵی پڕ لە ئاو.

لە 13 ی مانگی نۆدا وتەبێژی کۆمیتەی ئاسایشی نیشتیمانی پەرلەمانی ئێران ئیبراهیم ڕەزایی وتی پۆلیس پلانی هەیە " لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی نایاسایی لە وڵاتەکە دەربکات."

بەپێی دەزگای هەواڵی فەڕمی ئیرنا، ئەفغانییەکان " زیاتر لە سەدا 90 ی دانیشتوانە بیانییەکەی " ناو ئێران پێکدەهێنن، وتیشی " زۆربەشییان بەبێ ناسنامە هاتوونەتە وڵاتەکەوە."

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان وتوویەتی حکومەتەکەی پلانی هەیە " بە شێوازێکی گونجاو هاووڵاتییە نایاساییەکان ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان بکاتەوە."

لە مانگی سێی ساڵی 2023 ەوە ئێران میوانداری زیاتر لە 2.7 ملیۆن پەنابەری بێ بەڵگەنامەی ئەفغانی کردووە، ئەمەش بەپێی ناوەندی ئامارەکان.

لە سەدا 97 ی ئەو ژمارەیەش کۆچبەرە یاساییەکانی ناو وڵاتەکەیە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG