وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوێست لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی کۆنگرێس وەردەگرێت کە تیایدا هاتووە ئەمەریکا هەوڵیداوە زانیاری تەکنەلۆژیای ناوکی بدات بە عەرەبستانی سعودیە، دەڵێت واشنتن ئەو پـێشێلکاریـیانەی عەرەبستانی سعودیـیەی پشتگوێخستووە کە لە بواری مافەکانی مرۆڤ ئەنجامیداوە .
محەمەد جەواد زەریف ڕۆژی چوارشەممە لە توتێکدا ڕایگەیاند " سەرەتا لەتوپەتکردنی ڕۆژنامەوانێک؛ ئێستا فرۆشتنی تەکنەلۆژیای ناوکی بە نایاسایی بە عەرەبستانی سعودیە بە تەواوەتی دووڕوویی ئەمەریکا دەردەخات."
وا دیارە زەریف باس لەو ڕاپۆرتە دەکات کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە کە تیایدا نووسراوە کاربەدەستە باڵاکانی کۆشکی سپی هەوڵی پڕۆژەیەک دەدەن بۆ پێدانی زانیاری تەکنەلۆژیای ناوکی بە عەرەبستانی سعودیە سەرەڕای ناڕەزایەتیە ئەخلاقیـیەکان و ناڕەزایی کاربەدەستانی ئاسایشی نیشتمانی. ئەو هەروەها باس لە کوشتنەکەی جەمال خاشقچی دەکات کە لە مانگی 10 لەناو کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە ئستەنبوڵ کوژرا.