Accessibility links

ڕاوێژکاری سەرۆکی ئێران دەڵێت دەبێت ئەمەریکا بەر لە ئەنجامدانی وتووێژ بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکە


ڕاوێژکاری حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران دەڵێت هەر وتووێژێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت، دەبێت لە سەرەتادا گرژیـیەکان کەمبکرێنەوە و واشنتن بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکە.

حەمید ئەبوتالبی ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"ڕێزگرتن لە گەلی مەزنی ئێران و دانانی سنوورێک بۆ کارە دوژمنکاریـیەکان و گەڕاندنەوەی ئەمەریکا بۆ ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکە، ئەمانە بۆیان هەیە ئەو ڕێگا پـڕ هەوراز و نشێوەی ئێستا خۆش بکەن. وتووێژی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکانی هەردوو وڵات لە ساڵی 2013لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە دەکرێت بە پابەندبوون بە پـێداویسـتیـیەکانی وتووێژ متمانە دروستبکرێت. ڕێکەوتننامەی ناوکی دەرئەنجامی پابەندبوون بەو وتووێژانە بوو، بۆیە دەبێت ئەوە قبوڵ بکرێت."

بەڵام لە لایەکی دیکە بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامدانەوەی بۆ لێدوانەکەی دوێنێ دووشەممەی سەرۆک ترامپ گوتی ئەو کردارە دوژمنکاریـیانەی ئەمەریکا لە دژی ئێران ئەنجامی داون وەهایان کردووە وتووێژی لەگەڵدا نەکرێت. گوتیشی ئەمەریکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەیسەلمێنێت کە ناکرێت متمانەی پـێبکرێت.

جێی ئاماژەیە دوێنێ سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ جوزیپی کۆنتێ سەرۆک وەزیری ئیتالیا گوتی ئەگەر ئێرانیـیەکان بیانەوێت لەگەڵیدا کۆببنەوە، ئەوا بەبێ هیچ مەرجێک ئامادەیە.

ئەمەریکا لە مانگی پـێنجەوە لە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ئێران کشایەوە، بڕیاریشی داوە بە دوو بەش سزاکانی بەسەردا بسەپـێنێتەوە. بەشی یەکەم لەم مانگی هەشتەدا دەبن و ئەوی دیکە لە مانگی یازدە.

XS
SM
MD
LG