Accessibility links

کاربەدەستێکی ئێران: سەرۆکی ئەمەریکا 8 جار داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕوحانی کردووە


کاربەدەستێکی ئێران دەڵێت ساڵی ڕابردوو دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 8 جار داوایکردبوو لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران کۆببێتەوە.

محەمەد واعزی بەرپـرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی گوتیشی ئەم داوایەی سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە لە نیویۆرک کە لە پایزی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو.

گوتوشیەتی لایەنی ئێرانی داواکەی پەسەند نەکردووە بەهۆی ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی لە ساڵی 2015 مۆرکرا.

واعزی جەختی لەوەش کرد وڵاتەکەی ئامادە نیـیە هیچ دانوستاندنێک لە بارەی ڕێکەوتننامەکە بکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە سەرۆک ترامپ لە مانگی پـێنج بە فەرمی بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکای دا لە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێراندا. دەڵێت ئەو ڕێکەوتننامەیە کەموکوڕی زۆری تێدایە و بواری بۆ ئێران هێشتووەتەوە پەرە بە بەرنامە ناوکیـیەکەی بدات.

XS
SM
MD
LG