Accessibility links

فەرماندەی پاسداران دەڵێت ئەوانەی داوای دانوستاندنی ئێران و ئەمەریکا دەکەن ئەگەر خائین نەبن ئەوا شێت و سەرلێشێواون


فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەخنەی توند لەو 100 چالاکوانە ئێرانیـیە دەگرێت کە داوایانکردووە تاران و واشنتن دانوستاندنی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن تاوەکو کێشەکانی نێوانیان تاووتوێ بکەن و بە ئاشتەوایی بگەن.

محەمەد عەلی جەعفەری ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکیدا لە زانکۆی تاران گوتی ئەوانەی ئەو داوایەیان کردووە بیروبۆچوونیان لە دەرەوەی چوارچێوەی شوڕشگێڕی و ئیسلامیـیە، دەڵێت چونکە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ ئەمەریکا مانای لەناوبردنی شۆڕشی ئیسلامیـیە وە گەیاندنی گەورەترین زیان بە خەڵک و ڕژێم.

پاشان گوتی ئەگەر ئەوانە خائین نەبن، ئەوا کێشەی هزر و بیریان هەیە و شێتن یان سەرلێشێواون.

جێی ئاماژەیە دوو ڕۆژ لەمەوبەر زیاتر لە 100 کەسایەتی و چالاکوانی ئێرانی کە بەشێکیان لە دەرەوەی ئێرانن، نامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوادەکەن هەر وەک چۆن لە ئێستادا دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکور دەکرێت، وەهاش دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بکرێت تاوەکو کۆتایی بە قەیرانەکانی وڵاتەکەیان بێت و خەڵکی ئێران بە ئاسوودەیی بژین.

XS
SM
MD
LG