Accessibility links

ئێران داوایەکی ئەمەریکا بۆ پشـکنینی بنکە لەشکریـیەکانی ڕەتدەکاتەوە


ئێران داوایەکی ئەمەریکای ڕەتکردەوە بۆ سەردانی بنکە لەشکریـیەکانی لە لایەن پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەمەش ڕەنگە واشنتن گومانی زیاتری لەسەر ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە لەلا دروستبێت.

محەمەد باقر نوباخت گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ڕێگە نادرێت بە چوونە ناو شوێنە لەشکریـیەکانی ئێراندا و هەموو زانیاریەک لە بارەی ئەو شوێنانە نهێنین.

گوتی" هەرگیز ئێران ڕێگە بەو جۆرە سەردانانە نادات. گوێ بەو لێدوانانە مەدەن تەنها خەونن."

هەفتەی ڕابردوو نیکی هەیلی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کرد کاربکات بۆ چوونە ناو بنکە لەشکریـیەکانی ئێران تاوەکو دڵنیابن لەوەی تاران هیچ کارێـکی قەدەغەکراو ئەنجام نادات لەوانەی لە نێو ڕێکەوتنە ناوکیـیە باسکراون.

بەپـێی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە ئەوەی لە ساڵی 2015 کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا مۆریکرد، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم مافی ئەوەی هەیە داوای پشـکنینی دامودەزگاکانی ئێران بکات، ئەگەرهاتوو گومان هەبێت ماددە یان چالاکی ناوکی تیایاندا هەبن.

لە ئەمەریکاش یاسایەک دانرا کە دەبێت وەزارەتی دەرەوە هەموو 90 ڕۆژ جارێک بە ڕاپـۆرتێـک کۆنگرێس ئاگاداربکاتەوە لەوەی تاران بە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە پابەندە یان نا. ڕاپـۆرتی داهاتوو لە مانگی دەدا دەبێت.

سەرۆک ترامپ پـێشتر گوتویەتی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تاراندا مۆرکراوە خراپـترین ڕێکەوتنە، بۆیە لە مانگی چوار داوایکرد پـیاداچوونەوە بکرێت لەوەی ئایا ڕاگرتنی سزاکانی سەر ئێران بەپـێی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا یان نا.

XS
SM
MD
LG