Accessibility links

ئێران: لەوانەیە چاو بخشێنینەوە بە هاریکارییەکانمان لەگەڵ دەزگای وزەی نێودەوڵەتیدا


ئێران وتی لەوانەیە چاو بخشێننەوە بە هاریکارییەکانیان لەگەڵ دەزگای وزەی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەگەر هاتوو ئەمەریکا ڕێزی لەو بەرپرسیارێتیانە نەگرت کە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا بۆی دیاریکراوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەبێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڕیارێک دەربکات سەبارەت بەوەی کە ئایا بەردەوام دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران بەپێی بەندەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە یاخوود ڕێکەوتنەکە ڕەت دەکاتەوە و سزاکان دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.

جێی ئاماژەیە لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ پابەندبوونی ئێرانی ڕەت کردەوە بە ڕێکەوتنە ناوکییەکەوە سەرەڕای ئەوەی دەزگای وزەی نێودەوڵەتی چەند جارێک ڕایگەیاندبوو کە ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنەکەوە.

ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی دەستەی وزەی ناوەکیی ئێرانی بە بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی نێودەوڵەتی ئامانۆی وتووە " ئەگەر ئەمەریکا پابەند نەبێت بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە ڕێکەوتنامە ناوەکییەکەدا ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵێک بڕیار دەردەکات کە لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر هاریکارییەکانی ئێستای لەگەڵ دەزگای وزەی ناوەکیی نێودەوڵەتیدا."

لایەنگرانی ڕێکەوتنەکە سوورن لەسەر ئەوەی چاودێرییەکی نێودەوڵەتی توند هەبێت کە وا بکات ئێران نەتوانێت چەکی ناوەکیی پەرەپێبدات. ئێرانیش ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی ئەوە بدات چەکی ناوەکیی دروست بکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی وتی " پێش بڕیارەکەی ئەمەریکا ناکەوین کە لە 13ی مانگی یەکدا دەریدەکات." بەڵام وتیشی وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هەموو دەرەنجامەکان و هەموو بژاردەکانیش کراوەن لەبەردەمیاندا.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقجی وتی زلهێزەکانی جیهان دەبێت خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو ئەگەرەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG