ماڵپەڕی فەڕمی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە زاری خامنەئییەوە بڵاویکردەوە هەڵگیرسانی جەنگ بەدوور دەزانێت بەڵام داوای لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە توانا بەرگرییەکانیان بەهێز بکەن، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا لەگەڵ ئەمەریکا.
ئێران ڕۆژی شەممە پلانی بەهێزکردنی توانا موشەکییە باڵیستیکیەکانی و موشەکە ئاڕاستەکراوەکانی ڕاگەیاند و هەروەها وتیشی نەوەیەکی نوێی فڕۆکەی جەنگی و ژێرئاوگەڕی هەیە بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەدا " ئایەتوڵا خامنەئی جەخت لەوە دەکاتەوە بە لە ڕەچاو گرتنی سیاسەتی ئێستا بەدووری دەزانێت جەنگی سەربازیی ڕووبدات بەڵام وتیشی دەبێت هێزە چەکدارەکان وریابن و تواناکانیان بەهێزتر بکەن."
ماڵپەڕەکە ڕوونی کردەوە خامنەئی لەگەڵ سەرکردەکانی هێزی بەرگری ئاسمانی ئێرانیدا گفتوگۆی کردووە.
لە ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکەدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان خامنەئی و سەرکردەکانی بەرگری ئاسمانی ئێرانیدا هاتووە دەڵێت " ڕابەری باڵا وتی یەکەکانی بەرگری ئاسمانی بەشێکی هەستیارن لە هێزە چەکدارەکان و یەکەمین هێزن لە ڕووبەڕووبونەوەی دوژمناندا، هەروەها جەختی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادە باشی و توانا بەرگرییەکان کردۆتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز