کاربەدەستانی ئەمەریکا، ئیسرائیل و یەکیەتی ئەورووپا چوارشەمە هەلوێستێکی توندیان بەرامبەر بە ئێران گرتەبەر، هەر بۆیە کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن هەموو بژارەکان لە بەرچاو دەگرن ئەگەر تاران نەگەرێتەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوکی ٢٠١٥ و لە هەمان کاتیشدا ئیسرائیل دەڵێت ئەو مافە بۆ خۆی دەپارێزێت کە کردار نیشان بدات.
سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی تا ئێستا نەیویستووە وتووێژەکانی ناراستەوخۆ لە گەڵ ئەمەریکا لە ڤیەنا دەست پێبکەنەوە کە هەر دوو وڵات بگەرێنەوە و بە پێی رێکەوتنەکە بچنە پێش.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل یائیر لاپید و وەزیری دەرەوەی میرنشینەکانی یەکگرتووی عەرەب شێخ عەبدوڵا بن زائید گوتی، "ئێمە بۆ هەڵس و کەوت لە گەڵ ئەو ئاستەنگەی لە لایەن ئێرانەوە لە ئارادایە چاو لە هەر بژارەیەک دەکەین."
لاپید گوتی، "ئەگەر ئێران باوەر نەکات کە جیهان بۆ وەستاندنی ئەوان جیدییە، ئەوە ئێران هەوڵی خۆی دەدات بۆمبەکە وەدەست بێنێت. هەر بۆیە ئیسرایل بە مافی خۆی دەزانێت کە لە هەر دەرفەتێکی رەخساو و لە هەر ێگایەکەوە بکرێت کردار ئەنجام بدات. "
رێکخەری یەکیەتی ئەورووپا بۆ مەسەلەی ئێران، ئێنریکێ مۆرا کەپلانی هەیە ئەمرؤ پێنجشەممە سەردانی تاران بکات، گوتی ئەم مەسەلەیە لە کاتێکی زۆر هەستیار دا دەێت کە ئێران بەردەوام لە پرۆگرامی ناوکی خۆی بۆ پێشەوە دەچێت.
ئەو هەروەها گوتی بە زوویی سەردانی عەرەبستانی سعودی، میرنشینەکانی یەکگرتووی عەرەب و قەتەر دەکات بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی لە گەڵ هاوپەیمانانی کەنداو پێک بێنێت.
هەروەها گوتی، "ئەو ئەگەرە هەیە کە ئێران رێگایەکی جیاواز بگرێتە بەر و پێویستە ئێمە لە گەڵ ئیسرائیل و لایەنەکانی تر لە هەریم دا هاوئاهەنگی بکەین.