Accessibility links

ڕابەرانی ئێران ڕەخنە لە بوونی ئەمەریکا دەگرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


ڕابەری باڵای ئێران و سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕەخنەیان لە بوونی ئەمەریکا گرت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش لە کاتێکدا کە تاران میوانداری سەرۆکی عێراقی کرد بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەت.

لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 بۆ ئازادکردنی عێراق کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حسێن، ئەمەریکا و ئێرانی دوژمنی سەرسەختی یەکتر کێبڕکێ دەکەن لەسەر کاریگەرییان لە عێراقدا.

ئەمەریکا و ئێران هەردوولایان یارمەتی عێراقییان داوە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعشدا، ئەمەریکا هێشتا 2500 سەربازی لە عێراقدا هەیە کە شەڕکەر نین و تەنها بۆ مەشق پێدان بە هێزە عێراقییەکان لەو وڵاتەدا ماونەتەوە.

لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژ بە داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا، نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکا لە سوریادا ماونەتەوە، زۆربەیان لەو ناوچانەن کە کوردانی سوریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەیان دەبەن.

کەشتیگەلی پێنجی هێزی دەریایی ئەمەریکاش بنکەکەی لە بەحرەینە، لەوبەری ئێرانەوە لە کەنداودا.

ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشیددا وتی " ئەمەریکییەکان دۆستی هیچ کەسێک نین و تەنانەت وەفایان بۆ دۆستە ئەوروپییەکانیشیان نیە."

وتیشی " تەنانەت بوونی یەک ئەمەریکیش لە عێراق زۆر زۆرە."

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیدا کۆبوونەوە و کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشییان ئەنجامدا.

ڕەئیسی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێمان وانیە بوونی هێزە بیانییەکان و بیانییەکان لە ناوچەکەدا بەسوود بێت."

وتیشی " بوونی ئەمەریکا ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات."

سەرەڕای ئەوەی لە هەشتاکاندا عێراق و ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ دژی یەکتر لە جەنگدا بوون، دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێنەوە، دوو وڵاتەکە کە زۆرینەی دانیشتوانییان شیعەن پەیوەندییەکانی نێوانیان گەرموگوڕتر بوون.

لە نێوەندی سزا نێودەوڵەتییەکاندا بۆ سەر ئێران، عێراق بووەتە هێڵێکی ژیانی سەرەکی ئابووری بۆ ئێران، هاوکات ئێران گاز و کارەبا و شتومەکی دیکە دەدات بە عێراق.

ڕەئیسی جەختی لە گرنگی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کردەوە لە بواری ئاسایش و چەندین بواری دیکەشدا.

وتی " پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە بوارەکانی ژێرخانەکانی ئاو و کارەبادا بەردەوام دەبن."

وتیشی " تێگەیشتنێکی ئاسایشیی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا دامەزراوە، ئاسایشی عێراق و سنوورەکانی زۆر گرنگن بۆ ئێمە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG