Accessibility links

ئێران دەڵێت فڕۆکەیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکای لە نزیک کەنداوی عومان دوورخستۆتەوە


دەزگای هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە هێزی دەریایی ئێران دەڵێت فڕۆکەیەکی دیدەوانی ئەمەریکای لە نزیک کەنداوی عومان بینیوە و دووریخستۆتەوە.

دەزگاکە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت " دوای ئاگادارکردنەوەی، فڕۆکەکە ڕێگری لێکرا لە هاتنی بۆ ناو ئاسمانی وڵاتەکە بەبێ مۆڵەت." وتیشی فڕۆکەکە سەر بە هێزی دەریایی بووە و لە جۆری ئی پی – 3ئی بووە.

لە کاتێکدا لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەی تەسنیمدا ئاماژە بەوە دراوە فڕۆکەکە هاتۆتە ناو ئاسمانی ئێرانەوە، لە هەمان ڕاپۆرتدا دەشڵێت فڕۆکەکە نەهاتۆتە ناو ئاسمانی ئێرانەوە و دوای ئاگادارییەکە ڕۆیشتووە.

ئێران لە ڕابردوودا ڕووبەڕووبوونەوەی لەو شێوەیەی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبووە. لە ساڵی 2019 دا ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکای خستە خوارەوە و وتی بەسەر باشووری ئێراندا فڕیوە.

لە 31 ی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا ئێران وتی سوپاکەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە بۆ دوورخستنەوەی فڕۆکەیەکی دیدەوانی کە هەوڵیداوە لە مەشقە سەربازییەکانی ئێران نزیک ببێتەوە لە کەناری کەنداو، بەڵام ئاماژەی بە جۆری فڕۆکەکە نەدا.

ئەمەریکا لە مێژە چەک و هێزی ڕەوانەی کەنداو کردووە بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ هاوپەیمانەکانی.

ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران خراپتر بوون، ئەوەش دوای ئەوەی گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 گەیشتە کۆتاییەکی داخراو و تارانیش هەڵمەتێکی دڕندانەی سەرکوتکاری دژ خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی دەستپێکرد.

سزاکانی ئەمەریکاش ئەو لایەنانەشی کردۆتە ئامانج کە پشتیوانی لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دەکەن، کە واشنتن دەڵێت بۆ بە ئامانجکردنی ژێرخانی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا بەکارهاتوون لە جەنگەکەی ڕووسیادا لەو وڵاتەدا.

ئێران پێشتر دانی بەوەداناوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا ناردووە، بەڵام دەڵێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان پێش جەنگەکە ڕەوانەی ڕووسیا کراون. مۆسکۆ ڕەتی کردۆتەوە هێزەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان لە ئۆکرانیا بەکارهێنابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG