Accessibility links

وەزیری کاتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکا پشتڕاست دەکاتەوە


وەزیری کاتی دەرەوەی ئێران عەلی باقری
وەزیری کاتی دەرەوەی ئێران عەلی باقری

وەزیری کاتی دەرەوەی ئێران عەلی باقری ڕۆژی دووشەممە وتی حکومەتەکەی لەگەڵ ئەمەریکادا لە گفتوگۆدایە و سەڵتەنەی عومانیش میوانداری گفتوگۆکانی کردووە.

کاتێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بابەتەکە، باقری وتی "ئێمە هەمیشە بەردەوامیمان داوە بە گفتوگۆکانمان، گفتوگۆکان هەرگیز نەوەستاون."

واشنتن و تاران لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979ەوە هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی لە نێوانیاندا نییە.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانیایی لە مانگی سێدا وتی لە سەرەتای ساڵی 2024 باقری بەشداری کردووە لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکاندا لەگەڵ ئەمەریکا لە عومان، ئەوەش لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا لە ناوچەکەدا بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە.

ئەمەریکا هاوپەیمانی سەرەکی و نزیکی ئیسڕائیلە و دابینکاری سەرەکی چەکە بۆ ئەو وڵاتە، هاوکات ئێران پشتیوانی لە گروپی حەماس دەکات.

باقری ڕۆژی دووشەممە گەیشتە لوبنان، ئەمەش یەکەمین گەشتی دەبێت بۆ دەرەوە لە دوای ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی کاتی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێرانی وەرگرت، دوای ئەوەی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەردا لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسیدا گیانی لەدەستدا.

باقری وتی هۆکاری سەردانەکەی بۆ لوبنان ئەوە بووە کە " لوبنان لانکەی بەرهەڵستییە " دژی ئیسڕائیل.

ئێران پشتیوانی لە گروپی چەکداریی حزبوڵای لوبنان دەکات، لە ڕووی دارایی و سەربازیشەوە.

باقری کە پێشتر دانوستکاری باڵای ئەتۆمی ئێران بووە، وتی گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوامن.

حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن ئێران هەوڵی پەرەپێدانی چەکێکی ئەتۆمی بدات، کۆماری ئیسلامیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

باقری وتی "ئاگادارییان دەکەینەوە کە دەرفەتەکە زیاتر لەوە لەدەستنەدەن و قەرەبووی ئەو کارانە بکەنەوە کە دەبووایە ئەنجامییان بدایە بەڵام ئەنجامییان نەداون." ئەمە لە کاتێکدا کە کۆبوونەوەیەکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤییەنا دەستیپێکرد.

دیبلۆماتکاران بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وتووە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا لە کۆبوونەوەکەی دەستەی کارگێڕی دەزگاکەدا هەوڵی سەرزەنشتکردنی ئێران دەدەن لەسەر نەبوونی هاریکاری تاران لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا.

لە دوایین کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی دەزگاکەدا کە لە مانگی سێدا بەڕێوەچوو، زلهێزەکانی ئەوروپا پلانەکانییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دواخست، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پشتیوانی ئەمەریکا لەو پلانانە.

سەرچاوە/ ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG