Accessibility links

ئێران ڕەتیدەکاتەوە وتووێژ لەسەر موشەکەکانی بکات


وەزیری بەرگری ئێران ئەمیر حاتەمی
وەزیری بەرگری ئێران ئەمیر حاتەمی

ئێران داواکانی ئەمەریکا و ئەوروپای ڕەت کردەوە سەبارەت بەوەی تاران سنوورێک دابنێت بۆ چالاکییە موشەکییە باڵیستیکییەکانی، بەڵام وتی بەنیاز نیە مەودای ئەو موشەکانە زیاد بکات.

جێی ئاماژەیە لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کشایەوە و هەموو سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا و وتی لە ڕێکەوتنەکەدا هیچ کۆتوبەندێک لەسەر موشەکە باڵیستیکیەکانی ئێران دانەنراوە.

فەڕەنسا کە تا ئێستا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا ماوە، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند ئەگەر هیچ پێشڕەوییەک نەکرێت سەبارەت بە بەرنامەی موشەکی ئێران ئەوا ئامادەیە سزای زیاتر بسەپێنێت بەسەر تاراندا.

دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری وەزیری بەرگری ئێران ئەمیر حاتەمییەوە بڵاویکردەوە " دوژمنان دەڵێن دەبێت هێزی موشەکی ئێران لەناوببرێت، بەڵام ئێمە چەند جارێک وتوومانە توانا موشەکییەکانمان جێی ئەوە نیە وتووێژی لەسەر بکرێت."

سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران عەلی شەمخانیش وتی ئێران بەردەوام دەبێت لە باشکردنی وردبینی موشەکەکانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG