Accessibility links

ئێران دەڵێت دەستیگرتووە بەسەر کەشتیـیەکی نەوتی بەریتانیا


سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت دەستیگرتووە بەسەر کەشتیـیەکی نەوتی بەریتانیا لە تەنگەی هورمز بەهۆی پابەند نەبوونی بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیـیەکانەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی تەسنیمی نزیک لە پاسداران دەڵێت ئۆفیسی پەیوەندیـیە گشتیـیەکانی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا گوتویەتی ئەمڕۆ هەینی کەشتی بەریتانی stena impero لەو دەمەی بە تەنگەی هورمز تێپەڕدەبوو، پابەندی یاسا و ڕێساکانی هاتوچۆی دەریایی لە ئاوی نێودەوڵەتی نەبووە.

دەشڵێت بۆیە لەسەر فەرمانی دەسەڵاتدارێتی بەندەر و ناوچە دەریایـیەکان لە پارێزگای هورمزگان، کەشتیـیەکە لە لایەن یەکەیەکی هێزی دەریایی ناوچەی یەکی ئێرانەوە دەستی‌بەسەرداگیرا و بەرەو کەنارەکانی ئێران براوە بە مەبەستی پشکنینی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەری.

کۆمپانیای هەڵسوڕێنەری کارەکانی کەشتیـیەکە دەڵێت پەیوەندیـیەکانیان بە کەشتیـیەکەوە بڕاوە.

ئەم کردارەی ئێران پاش چەند کاتژمێرێک دێت لەوەی دادگای باڵا لە دەسەڵاتدارێتی چیای تاریق فەرمانی کرد ئەو کەشتیـیە نەوتەی ئێران کە لە 4 مانگی حەوتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێتیـیەکەیانەوە دەستی‌بەسەرداگیراوە، بۆ ماوەی 30 ڕۆژی دیکەش بەو شێوەیە بیهێڵنەوە هەتا لە 15 مانگی هەشت دادگا لە دانیشتنێکی دیکە بڕیاری لەسەر دەدات.

جێی ئاماژەیە حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران چوارشەممەی ڕابردوو هوشداری دا کە بەریتانیا ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاکامەکانی دەستگرتن بەسەر ئەو کەشتیـیە نەوتەی ئێراندا ببێتەوە.

XS
SM
MD
LG