Accessibility links

دادگایەکی ئێران بڕیاری 10 ساڵ زیندانی بۆ کچێک دەدات بە تۆمەتی سیخوڕی


ئارەس ئەمیری

ماڵپەڕێکی حکومەتی ئێران دەڵێت دادگایەکی وڵاتەکەی بە تۆمەتی سیخوڕی بڕیاری سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ کچێکی ئێرانی دەرکردووە کە لە ڕێکخراوی (بریتش کەنسڵ) کاری دەکرد.

ماڵپەڕی میزان کە زمانحاڵی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، ئەمڕۆ دووشەممە لە هەواڵێکیدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی غولام حسێن ئیسماعیلی گوتەبێژی دادوەری ئێران گوتویەتی کچێکی ئێرانی کە لە بەشی تایبەت بە ئێران لە ئەنجومەنی فەرهەنگی ئینگلیزی ناسراو بەBritish Council کاری دەکرد، هاوکاری لەگەڵ دەزگا سیخوڕیـیەکانی ئنگلیز کردووە.

گوتیشی کچەکە دانی ناوە بەوەی چۆن لە بەریتانیا کراوە بە سیخوڕ و چۆن لە لایەن دەزگایەکی ئاسایشی ئینگلیزیـیەوە ڕێنمایی کراوە.

جێی ئاماژەیە بریتش کەنسڵ ڕێکخراوێکی کەلتوری و فەرهەنگی بەریتانیـیە و لە 107 وڵاتی جیهان ئۆفیسی هەیە. دەسەڵاتدارانی ئێران پـێش زیاتر لە 10 ساڵ ئۆفیسەکەیان لە تاران داخست بە تۆمەتی" چالاکی نایاسایی" وەک گوتەبێژەکەی دادوەری ئێران دەڵێت.

بریتش کەنسڵ دەڵێت ئەوان ڕێکخراوێکی سیاسی نین و کارمەندەکانیان پەیوەندیـیان بە هیچ دەزگایەکی سیخوڕیـیەوە نیـیە وە نە ئۆفیس و نە نوێنەری لە ئێران هەیە و هیچ کارێک لە ناو ئێران ناکات.

هەرچەندە هەواڵەکەی ماڵپەڕی میزان ناوی کچەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام چاودێران دەڵێن پـێدەچێت (ئارەس ئەمیری) بێت کە لەو ڕێکخراوە کاری دەکرد و لە مانگی پـێنجی ساڵی 2018هەواڵی دەستگیرکردنی لە ئێران ڕاگەیەندرا لەو کاتەی سەردانی خێزانەکەی کردبوو.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەم بارەیەوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت، ئەوان نیگەرانن لەو هەواڵانەی باس لە بڕیاری زیندانیکردنی فەرمانبەرێکی ئێرانی بەریتانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەکەن. گوتیشی کاربەدەستان لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران لە پەیوەندیدان لەگەڵ حکومەتی ئێران بە مەبەستی دەستکەوتنی زانیاری زیاتر.

XS
SM
MD
LG