Accessibility links

هەواڵی کوژرانی چالاکوانێکی ئێران لە تورکیا ڕادەگەیەنرێت


هەواڵی کوژرانی چالاکوانێکی ئێرانی لە تورکیا ڕادەگەیەنرێت کە لە کەناڵێکی سەر تیلگرام لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران کاری دەکرد.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی DHA ی تورکی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند مەسعود مەولەوی کە تەمەنی لە سیـیەکاندا بوو، لە 14 ی مانگی یازدە کوژرا کاتێک لەگەڵ هاوڕێـیەکی لە جادەیەکی ناوچەی شیشلی ئستەنبوڵ دەڕۆریشتن.

ئاژانسێکی دیکەی دەنگ‌وباسی تورکیا IHA ئەویش لای خۆیەوە ڤیدیۆی ساتی تەقەکردنەکەی بڵاوکردووەتەوە کە چۆن کەسێک لە پشتەوە گولـلە دەنێت بە سەری مەسعود مەولەویـیەوە.

مەسعود ئەدمین بووە لە کەناڵی جعبه سیاه-BLACK BOX ی سەر تیلگرام. ئەم کەناڵە لە بارەی گەندەڵی ئەندامانی حکومەت و دەزگای دادوەری و ئیتیلاعاتی ئێران بابەت بڵاودەکاتەوە.

پـۆلیسی تورکیا دەڵێت لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لە ئێستادا هیچ زانیاریـیەکی لەسەر ڕابردووی نازانن.

جێی بیرهێنانەوەیە لە مانگی چواری ساڵی 2017سەعید کەریمیان خاوەنی کەناڵی GEM TV ی فارسی ئەویش لە ئستەنبوڵ کوژرا.

فڕانس پـرێس دەڵێت تورکیا کە ژمارەیەکی زۆر ئێرانی لێـیە و ئێرانیـیەکی زۆر بۆ پشوو ڕووی لێدەکەن، ناسراوە بەوەی دەزگا سیخوڕیـیەکانی ئێران بوونیان لەوێ هەیە.

XS
SM
MD
LG