سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئێران گەیشتووەتە ئەنکەرە بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا بە ئامانجی وەک ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیـیەکانیانە سەبارەت بە قەیرانی سوریا و هەروەها هەماهەنگی لە سیاسەتیان لە بەرامبەر عێراقدا.
جەنەڕاڵ محەمەد باقری ئەمڕۆ سێشەممە بە سەردانێـکی سێ ڕۆژی گەیشتە پایتەختی تورکیا و لە لایەن هاوتا تورکەکەی خولوسی ئاکار لە بارەگای سەرۆکایەتی ئەرکان پـێشوازیەکی فەرمی لێکرا و پاشان کۆبوونەوەیەکی داخراویان ئەنجام دا.
بڕیارە باقری لە میانەی سەردانەکەی لەگەڵ هەریەک لە نورەدین جانیکلی وەزیری بەرگری و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە.
ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی سەر بە حکومەتی تورکیا لە زاری دیپـلۆماتانەوە بڵاویکردووەتەوە کە سەردانەکەیان زۆر بە گرنگ ناودێرکردووە و گوتوویانە نەدەکرا ئەنجام بدرێت ئەگەر هەردوولا ئامادەیییان تیادا نەبێت بە ڕێکەوتن بگەن سەبارەت بە سوریا و عێراق.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێرانیش سەردانەکەی بەبێ پـێشینە لە مێژووی پەیوەندیـیەکان نێوان هەردوو وڵات ناودێرکرد.
هاوکات باقری بە ڕادیۆی فەرمی وڵاتەکەی گوت " سەردانەکە گرنگە بۆ ئەنجامدانی وتووێژ و هاوکاری باشتر لە بارەی چەندان بابەتی لەشکری و هەرێمی جیاواز." پاشان ئاماژەی بۆ ئاسایشی سنوورەکان و شەڕی تێرۆر کرد.