Accessibility links

سەرۆکی ئێران ڕەخنە لە تورکیا دەگرێت لەسەر بنیاتنانی بەنداو


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕوحانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕەخنەی لە تورکیا گرت بە هۆی بنیاتنانی بەنداو لەسەر ئەو ڕووبارانەی لە تورکیاوە دێنە نێو سوریا و عێراق. ڕوحانی دەڵێت بنیاتنانی پرۆژەی لەو جۆرە زیانی مەترسیداری بۆ تەواوی بۆ سەر هەرێمەکە دەبێت.

هەرچەندە سەرۆکی ئێران لە ڕەخنەکەیدا راستەوخۆ ناوی تورکیای نەهێنا ، بەڵام مەبەستی ئەو چەند بەنداوەیە کە تورکیا لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات بنیاتی ناون.

جێی ئاماژەیە هەرچەندە تورکیا ڕێکەوتنی هاوبەشیکردنی سەرچاوەی ئاوی لەگەڵ هەریەک لە عێراق و سوریا هەیە بەڵام ناوە ناوە ناکۆکی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

لە وتەکەیدا ڕوحانی گوتی "ئەم جۆرە رەفتارانە دەبێت راگیرێن ، لەبەر ئەوەی بنیاتنانی بەنداو بە بێ لێکۆڵینەوەی تەواو دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئایندەی ناوچەکە." ڕوحانی لەوە زیاتر هیچی دیکەی نەگوت.

جێی ئاماژەیە ئەم قسانەی ڕوحانی لە میانەی کۆنفرانسێکدا بوو کە تەوەرەی کۆبونەوەکە کەمکردنەوەی گەردەلول و خۆڵبارین بوو. شارەزایان هۆکاری ئەم خۆڵبارینانە دەبەستنەوە بە ئەو بەنداوانەی دروستکراون. تورکیا هەتا ئێستا 19 بەنداوی لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات بنیاتناوە و بەنیازی بنیاتنانی 3 بەنداوی دیکەشە.

XS
SM
MD
LG