ئێران داوای لە تورکیا کردووە هێرشە لەشکرییەکانی بۆ سەر سوریا ڕابگرێت و دەڵێت ئەو کردە لەشکریانەی تورکیا لە ناوچەی عەفرین دەیانکات شکاندنی سەروەری سوریایە و دەشبنە مایەی زیاترکردنی پشێوی و ئاڵۆزییەکان لە سوریای بە شەڕ وێرانبوودا.
تورکیا لە مانگی ڕابردوودا شاڵاوێکی زەمینی و ئاسمانی دەستپێکردووە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عەفرین.
بەهرام قاسمی، دەمڕاستی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە وتوویەتی " پێویستە تورکیا کردە لەشکرییەکانی ڕابگرێت و ڕێز لە سەروەری وڵاتی سوریا بگرێت."
ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا ئەم لێدوانانەی قاسمی بڵاوکردۆتەوە کە دەڵێت ئەو هێرشانەی تورکیا دەبنە مایەی ناجێگیری ئاسایشی و نا سەقامگیری و هەروەهاش گێڕانەوەی تێرۆریزم بۆ سوریا.
دەمڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت پێویستە هەرچ پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا هەبێت، لە کۆبوونەوەکانی ئەستانەی کازاخستاندا باس بکرێت کە روسیا و ئێران و تورکیا سەرپەرشتی دەکەن.
بەهرام قاسمی دەڵێت تاران بەردەوام دەبێت لە وتووێژکردن لەگەڵ مۆسکۆ و ئانکەرە سەبارەت بە دواترین پەرەسەندنەکان لە سوریادا.