Accessibility links

ئێران و تورکیا دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەنەوە


ئێران و تورکیا جارێکی دیکە دژایەتی خۆیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دووپاتکردەوە و دەڵێن دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەوان جێی قبوڵ نیـیە.

حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا تورکەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ئەمەیان ڕاگەیاند.

ڕوحانی گوتی لە میانەی کۆبوونەوەکانیان باسیان لە پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوان بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە سنوورە جوگرافیـیەکانی وڵاتانی ناوچەکە قبوڵ ناکەن و چەختی لەوە کردەوە خاکی هەریەک لە عێراق و سوریا وەکو خۆیان دەمێنەوە.

گوتیشی ئەوان نایانەوێت گوشار بخەنە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەندێک لە ڕابەرانی هەرێم بڕیاری هەڵەیان داوە و دەبێت قەرەبووی ئەو هەڵانە بکەنەوە. گوتیشی هەر یەک لە ئێران و تورکیا و عێراق بڕیاریان داوە هەنگاوی جدی بنێن بۆ پاراستنی ئامانجە ستراتیژیـیەکانیان.

ئەردۆغانیش لای خۆیەوە هەرێمی کوردستانی بە هەرێمی باکوری عێراق ناودێرکرد و گوتی لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ ئێران کاردەکەن لە بەرامبەر هەرێم کە ڕیفراندۆمێکی نا شەرعی ئەنجامداوە. گوتیشی جگە لە ئیسرائیل هیچ وڵاتێکی دیکە نیـیە دان بەم کارەی هەرێم بنێت.

هەروەها گوتی لەو بڕوایەدایە هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوەی خۆی گۆشەگیردەکات، وە تورکیا و ئێران کۆمەڵێک هەنگاوی قورس لە دژی هەرێم دەنێن.

XS
SM
MD
LG