Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەکانی ساڵی 2019 ەوە ئێران سێ کەس لە سێدارە دەدات


سیستان بالوچستان، ئێران
سیستان بالوچستان، ئێران

دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت ڕۆژی دووشەممە ئێران سێ پیاوی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکانی ساڵی 2019 لە هەرێمی سیستان و بەلوچستان لە سێدارە داوە.

دوای ئەوەی بە تۆمەتی تەقاندنەوەی بنکەیەکی پۆلیس و ئوتومبێلێکی ئێشکگر لە زاهیدانی پایتەختی سیستان و بەلوچستان لە ساڵی 2019 دا تۆمەتبار کران، سێ پیاوەکە سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندرا.

دەزگای هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە زاری سەرۆکی دادوەری پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاویکردەوە "سزاکان دژی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکان لە زاهیدان ئەمڕۆ جێبەجێ کران."

عەلی موستەفەوی نیا وتی تاوانبارەکان بە تۆمەتی "وەرگرتنی مەشقی سەربازیی و گواستنەوە و شاردنەوەی ئەو ماددانەی کە بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاردەهێندرێن" تۆمەتبار کرابوون.

بە گوێرەی میزان، سێ پیاوەکە بە تۆمەتی ئەوەی بەشێک بوون لە گروپی سووننی جیهادی جەیشلعەدل ( سوپای دادپەروەری ) تۆمەتبار کراون. گروپەکە لە ساڵی 2012 دا پێکهێندرا و ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی.

دوای لەسێدارەدانی ئەو سێ زیندانییە، ماڵپەڕی مافی مرۆڤی حاڵ وەش کە هەواڵەکانی سیستان و بەلوچستان ڕۆماڵ دەکات، فایلێکی دەنگی بڵاوکردەوە کە لەلایەن یەکێک لەو زیندانیانەی لەسێدراە دراوە، تۆمار کراوە.

زیندانییە لەسێدراەدراوەکە کە ناوی محەمەد کەریم بارەکزایییە لە تۆمارە دەنگییەکەدا کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە تۆمار کراوە، دەڵێت "من و محەممەد بەراهوی و ئیدریس بیلرانی لە ساڵی 2019 لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراین و بۆ ماوەی دوو مانگ ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی جۆراوجۆر بووینەوە و هەروەها خێزانەکانمان لەلایەن بریکارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەڕەشە و گوشاریان خرایە سەر و ئێمەش بە هۆی ئەو گوشارانەوە و لە پێناو ڕزگارکردنی گیانی خۆمان و بنەماڵەکانمان ناچار بووین بە دانپێدانانی زۆرەملێ و ناڕاست لە دژی خۆمان."

ئەو زیندانییە لەسێدراەدراوە هەروەها دەڵێت "هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێشنیاری کوشتنی مەولانا عەبدولحەمید، ڕێبەری سوننەی ئێرانیان پێداوین و ئێمە ڕەتمان کردوەتەوە و هەر بۆیە دوای گواستنەوەمان بۆ زیندانی زاهیدان لە دادگایەکەی ساختەدا، سزای لەسێدارەدان و پانزە ساڵ زیندانیکردن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکمان بەسەردا سەپێندرا."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی حاڵ وەش، ئەو سێ زیندانییە سیاسییە بەلووچانە لە هەلومەرجێکدا لەسێدارە دراون کە بنەماڵەکانیان پێشتر ئاگادار نەکراونەتەوە و دوای لەسێدارەدانیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بنەماڵەکانیانیان ئاگادار کردۆتەوە کە بڕوەنە پزیشکی دادوەری بۆ وەرگرتنی تەرمی منداڵەکانیان.

"کەمپینی چالاکوانانی بەلووچ" لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە لە ماوەی یەک ساڵدا لانیکەم 179زیندانی بەلووچ لەسێدارە دراون و بەلووچەکان زیاتر لە یەک لەسەر سێی لەسێدراەدراوەکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.

بەپێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتیشەوە، ئێران لە دوای چین، زۆرترین کەس لە وڵاتەکەیدا لە سێدارە دەدات.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە دەڵێت تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا ئێران زیاتر لە 600 کەسی لە سێدارە داوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG