Accessibility links

ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تاقی دەکاتەوە


دەزگای هەواڵی ئێران دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە ئێران مەشقێکی دەستپێکردووە بۆ تاقیکردنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەر و دیدەوانییەکانی، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانییەکانی ئەمەریکادا سەبارەت بە ئەگەری کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لەلایەن ڕووسیاوە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی سەر بە دەوڵەتی ئێران گوتی مەشقە سەربازییەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و 150 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشداری تێدا دەکەن و مەشقەکە لە کەناراوەکانی ئێران و زۆرینەی ناوچەکانی ئەنجام دەدرێت. سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و تواناکانی " جەنگی ئەلیکترۆنی " وڵاتەکەش دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دوژمن تاقی دەکرێنەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەی کە تاران لە ناوچەکەدا پشتیوانییان لێدەکات بەشێوەیەکی بەرچاو پشتییان بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەستووە لە یەمەن و عێراق و سوریا و تەنگەی هورموز و کەنداو.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەمەریکا گوتی بەرپرسانی ڕووسیا وەکو بەشێک لە ڕێکەوتنێک بۆ گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەنێوان دوو وڵاتەکەدا لە ئێران مەشقییان پێدراوە، هەروەها تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی پلانی هەیە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات بە ڕووسیا و ئەویش لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت.

مانگی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی ڕەت کردەوە، هاوکات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی بە هەمان شێوە ئەو بابەتەی ڕەت کردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG