Accessibility links

خامنەئی داوا لە حکومەت دەکات کۆنتڕۆڵی بواری ئەلیکترۆنی بکات


 ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی
ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی

ڕۆژی سێشەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی داوای لە حکومەتە نوێیەکەی ئێران کرد ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵکردن بسەپێنێت بەسەر بواری ئەلیکترۆنی ئێراندا، کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە ژێر کۆتوبەندێکی زۆردا بووە.

خامنەئی لە یەکەمین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کابینە نوێیەکەی سەرۆکی وڵاتەکە مەسعود پزیشکیاندا وتی " ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەروەری یاسا بەسەر بواری ئەلیکترۆنیدا جێبەجێ بکرێت."

وتیشی " ئەگەر یاسایەکت نەبێت بۆ ( بۆ ڕێکخستنی ئینتەرنێت ) یاسایەک دابنێ، بەپێی ئەو یاسایەش، کۆنتڕۆڵی بکە."

لێدوانەکانی خامنەئی سەرەڕای بەڵێنەکانی پزیشکیان دێت کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیدا کۆتوبەندەکانی سەر ئینتەرنێت لە ئێران کەم بکاتەوە.

ئێران چەندین ساڵە بە توندی کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی کردووە، تۆڕە کۆمەڵایەتییە بە ناوبانگەکانی وەکو فەیسبوک و ئێکسی سنووردار کردووە.

دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 ی دژ بە نرخەکانی سوتەمەنی و دواتریش خۆپیشاندانەکانی دیکە لە ساڵی 2022 دا بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە، ئێران ڕێوشوێنی توندتری گرتەبەر بۆ سنووردارکردنی ئینتەرنێت.

ئەپەکانی نامەناردنی وەکو وەستئەپ و تێلیگرام و ئینستاگرام و تیکتۆک و یوتیوبیش لە ئێران بڵۆک کراون.

ئێرانییەکان چەندین ساڵە ڕاهاتوون بە بەکارهێنانی ڤی پی ئێن تاوەکو خۆیان لەو کۆتوبەندانە بدزنەوە.

خامنەئی لە ماوەی وتارەکەیدا باسی لە دەستگیرکردنی دامەزرێنەری تێلیگرام پاڤێڵ دورۆڤ کرد لە فەڕەنسا لەسەر ئەوەی گوایە ڕێگری نەکردووە لە تاوانەکان لە تێلیگرامدا.

وتی " ئەم پیاوە گەنجە لەلایەن فەڕەنساوە گیراوە... دەستگیرت دەکەن و دەتخەنە زیندانەوە، هەڕەشەی سزادانی 20 ساڵێک دەکەن، ئەمە لەبەرئەوەی کە ئەو یاساکانی ئەوانی پێشێل کردووە."

وتی " پێشێلکردنی حوکمڕانی جێی قبووڵکردن نیە."

ئێران لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وتوویەتی تەنها لە کاتێکدا وەتسئەپ و ئینستاگرام لە ئێران ڕێگەیان پێدەدرێت کاتێک نوێنەرایەتییەکی یاساییان لە وڵاتەکەدا هەبێت.

بەڵام کۆمپانیای مێتای خاوەنی وەتسئەپ و فەیسبووک و ئینستاگرام، وتوویەتی کە پلانی نیە ئۆفیسی لە ئێران بکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG